شەبەک بە ئازادکردنی گوندەکانیان خۆشحاڵن
(سالم جومعە) سەرۆكی دەستەی ئەنجوومەنی شەبەك ڕایگەیاند، چەندین فەوجی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ پێكهاتە جیاوازەكانی دەشتی نەینەوا دروست كراون، كە ڕاستەوخۆ سەر بە هەرێمی كوردستانن، كە ئامادەن لە كەمترین كاتدا ناوچەكانی خۆیان ئازاد بكەنەوە.
گوتیشی: "ئێمەی كوردی شەبەك زۆر سپاسی (سەرۆك بارزانی) دەكەین، كە گرنگییەكی زۆر بە ناوچەكانی ئێمە دەدات، ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی ئۆپەڕاسیۆنی ئازادكردنی ناوچەكانی ئێمەی كرد، ئەو ناوچانەی ئێستا ئازاد كراون، جگە لە هێزی پێشمەرگە هیچ هێزێكی دیكەی تێدا بەشدار نەبوو، تا ئێستا زیاتر لە 10 گوندی شەبەك و كاكەیی ئازاد كراون، داوا دەكەین گوندەكانی دیكەی ئێمە ئازاد بكرێن، ئێمەیش ئەمەمان دەوێت، بگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان، چونكە نامانەوێت چی دیكە ئێمە سەر بە ئیدارەی پارێزگای مووسڵ بین، بەڵكو دەخوازین لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بین، هەروەها كاتێك كە ڕیفراندۆم دەكرێت، پێویستە لە ناوچەكانی ئێمەیش بكرێت و ئێمەیش سەربەخۆ بین، دەشتی نەینەوا و گوندەكانی ئێمە بەشێك نابنەوە لە پارێزگای نەینەوا، دەبێت ڕاستەوخۆ سەر بە هەرێمی كوردستان بن."
