"ئەگەر وەزارەتەکان ھاوکار بن، پرۆسەی دابەشکردنی زەوی خێراتر دەبێ"

ئەندامێکی لیژنەی شارەوانی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ، ئەگەر وەزارەتەکان ھاوکار بن بۆ ئەوەی لیستی ناوی فەرمانبەرانیان رەوانە بکەن، دەستپێکردنی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی خێراتر دەکات و زووتر دابەش دەکرێت.

ئەندامی لیژنەی شارەوانی لەپەرلەمانی کوردستان ( سیراج خەیلانی) راگەیاند" یەکێتی کرێنشینان و بەشێک لەوەزارەتەکان ناوی فەرمانبەرانیان ئامادەکردووە و رەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانیان کردووە و ئەوانیش رەزامەندیان لەسەر دەربریووە و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەکی لەچوار وەزارەتی پێکھێناوە کە لەھەر یەکە لەوەزارەتەکان داد و دارایی و کشتوکاڵ و شارەوانی پێکھاتووە لەبەر ئەوەی ئەوانە پێوەستن بە پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر ھاوڵاتیاندا.

(سیراج خەیلانی) گوتیشی، لەئێستا پرۆسەکە لەسەر وەزارەتەکان دەمینێتەوە، لەبەر ئەوەی وەزارەتەکان چەند زوو ناوەکان رەوانە بکەن پرۆسەکە خێراتر دەبێت و زووتر دەست پێدەکات.

(خەیلانی) ڕوونیشی کردەوە، ئەولیژنەی لەوچوار وەزارەتە پێکھێندراوە، بۆ ئەوەیە کە زەویەکان ھەر ھەندێک سەر بەوەزارەتێکە، بۆیە ئەمانە بەبەردەوامی کار دەکەن، بۆ ئەوەی بتوانن کارەکان تەواو بکەن و دەست بەپرۆسەی دابەشکردنی زەوی بکرێت.

باسی لەوەشکرد، چەند وەزارەتەکان ھەماھەنگی وەزارەتی شارەوانی بن بۆ رەوانەکردنی لیستی ناوەکانیان کارەکە زووتر تەواو دەبێت و دەست بە پرۆسەی دابەشکردنی زەوی دەکرێت.

ئەوپەرلەمانتارە راشیگەیاند، ناتواندرێت کاتێک بۆ دەستپێکردنی پرۆسەکە دیاری بکرێت، لەبەر ئەوەی کارەکە ورەدە و پێویستی بە کاتە.
Top