ئاشوورییەكان، لەگەڵ سەربەخۆییی كوردستاندان

ئاشوورییەكان، لەگەڵ سەربەخۆییی كوردستاندان
ئاشوورییەكانی هەرێمی كوردستان هەڵوێستی خۆیان لەبارەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی كوردستان ئاشكرا دەكەن و، پشتیوانیی هەوڵەكانی (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی دەكەن.

(رۆمیۆ هەكاری)، سكرتێری حزبی دیموكراتی بەیت ‌نەهرەین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی رایگەیاند: "ئێمە وەك ئاشوورییەكان لەگەڵ هەر بەرەوپێشوەچوونێكداین لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، ئێمەی ئاشووری خۆمان بە نەتەوەیەكی كۆن لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان دەزانین، بۆ ئێمەیش زۆر گرینگە كە هەر بیروبۆچوونێك هەبێت، پرس بە ئێمە بكرێت و ئێمەیش بەشدار بین، بە تایبەتی لە پرسی ڕیفراندۆم، كە ئەو پرسە پێوەستە بە داهاتووی هەرێمی كوردستانەوە، ئێمەیش بەشێكین لە هەرێمی كوردستان، بۆیە بەڵێ ئێمە لەگەڵ ئەوەداین هەرچی زووە ڕیفراندۆم بكرێت و كوردستان سەربەخۆ بێت".

(هەكاری) گوتیشی: "پشتگیری لە بیروبۆچوونەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەین، چونكە ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان لە بەرژەوەندیی هەموو هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستاندایە، بۆیە دەبێت هەموومان پشتگیری و پاڵپشتی لە هەنگاوەكانی (سەرۆك بارزانی) بكەین و ئیشی بۆ بكەین، بۆ ئەوەی لە ماوەیەكی نزیكدا ڕیفراندۆم ئەنجام بدرێت و كوردستان سەربەخۆ بێت".









KDP
Top