یوسف محەمەد 130 ملیۆن دیناری خەرج کردووە و پسوولەی 40 ملیۆنی ھێناوە و بە پارەی کوردستان سەفەر دەکات و ناوی پێشمەرگە دەزڕێنێ“
بە قسەی قارەمان قادر، سەرۆکی لیژنەی کاروباری پەرلەمان لە پەرلەمانی کوردستان (فراکسیۆنی گۆڕان) ، ئێستا سەرجەم خەرجییەکانی یوسف محەمەد راگیراون و تەواوی ئەو پارەیەی لە ماوەی دوورخستنەوەکەی لە ١٢ ئۆکتۆبەری ٢٠١٥، کە بڕی ١٢٠ ملیۆن دیناری لەبەردەست بووە خەرجی کردووە، گوتیشی: "ئێستا لە لایەن ژمێرەی تایبەتی خۆیەوە تەواوی حسابی ئەو پارەیەی کە لە ماوەی زیاتر لەو نۆ مانگەدا سەرۆکی پەرلەمان خەرجی کردوون، رەوانەی پەرلەمان کراوە، بەڵام پەرلەمان ئامادە نییە پاکانە حسابی بۆ بکات".
راشی گەیاند، پەرلەمانتار تەنیا مووچەی ھەیە و ھیچ ئیمتیازێکی دیکەی نییە، بەڵام دەستەی سەرۆکایەتیی مافی خەرجکردنی بڕە پارەیەکی تایبەتییان ھەیە، گوتیشی: "سەرۆکی پەرلەمان ئەو پارەیەی بە سێ سەفەری دەرەوە و بە دەوامکردن لە نووسینگەی سلێمانی و کۆمەڵێک راوێژکاری تایبەتیشی ھەیە خەرج کردووە، ئەوەش ھەمووی بە شێوەیەکی فەرمی و یاسایی بووە".
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ئەو سێ سەفەرەشی بە داوەتی فەرمی و لە ئاستی سەرۆکی پەرلەمان پێشوازیی لێ کراوە، ھەر بۆیەش خەرجییەکەی لەسەر پەرلەمانی کوردستان بووە، گوتی: "کێشەیەکی سیاسی لە کوردستان ھەیە کە گوایە سەردانەکەی وەکو ھاووڵاتییەک بووە نەک وەکو سەرۆکی پەرلەمان، رەنگە ھەر ئەوەش کێشەی بۆ خەرجییەکانی دروست کردبێت".
بەڵام سەرچاوەیەکی ئاگادار لە خەرجییەکانی یوسف محەمەد تایبەت ئاشکرای کرد، ئەو بڕە پارەیە ١٣٠ ملیۆن دینار بووە نەوەکو ١٢٠ ملیۆن دینار، لەو خەرجییانەی رەوانەی پەرلەمانیشی کردووە تەنیا پسوولەی ٤٠ ملیۆن دیناری لەگەڵدایە، ئەوانەی دیکە تەنیا نووسراون کە خەرج کراوە، گوتیشی: "ئەو کە سەردانی پەرلەمانەکانی ئەوروپای کردووە دەعوەتی فەرمی بۆ پەرلەمانی کوردستان نەھاتووە، بەڵکو سەردانەکانی شەخسی بوون و ئەوانەی لەگەڵیدا رۆیشتوون تەنیا ھەڵسوڕاوی گۆڕان بوون، لەوێش وەکو سەرۆکی پەرلەمان قسەی نەکردووە و کاری حزبیی کردووە، لەبەر ئەوە پەرلەمان ئامادە نییە ئەو سەردانانەی بە فەرمی بۆ دابنێت و خەرجییەکانی لە ئەستۆ بگرێ".
ھاوکات عەباس غەزالی، پەرلەمانتاری پارتی لە لیژنەی کاروباری پەرلەمان رای گەیاند، ئەوەی کە باس دەکرێ سەبارەت بە خەرجکردنی پارە ئەوە کاری ئیدارییە و ئەوان باشتر دەزانن، بەڵام ئەوەی کە قسەی ئێمەیە یوسف محەمەد لە برۆکسل کە قسەی کردووە ناوی پێشمەرگەی بە میلیشیا ھێناوە، واتە سەردانی سەرۆکی پەرلەمان لە ھەموو دونیا وایە بە قازانجی گەلی ئەو وڵاتەیە، بەڵام ئەوەی ئێمە ئەگەر سەرۆکی پەرلەمانە لەبری قازانج زیانی بۆ پێشمەرگە و کوردستان ھەبووە، گوتیشی: "راستە کوردستان لە قەیراندایە، بەڵام یوسف خۆی بەشێکە لەو قەیرانانە و تەنانەت لە چەند رۆژی رابردوودا لەگەڵ رۆژنامەوانێکی رووسی قسەی کردووە و پێشمەرگەی تۆمەتبار کردووە بە ئەنجامدانی جینۆساید لە شنگال، ئاخر من دەپرسم ئەوە قسەی سەرۆکی پەرلەمانە؟".
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، جگە لەو پارەیەی کە بردوویەتی لەدوای رۆیشتنەکەی و ھەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی پارتی و گۆڕان و دوورخستنەوەی وەکو سەرۆکی پەرلەمان ئەوە کاری حسابات و ئیدارەی پەرلەمانە کە لەگەڵیدا بیکات و پاکانە حسابی تەواوی بۆ بکات، بەڵام ئەرکی وەزارەتی پێشمەرگەیە لە رووی یاساییەوە سکاڵای لەسەر تۆمار بکات، کە بە چ حەقێک بە پێشمەرگە دەڵێت میلیشیا و تۆمەتباری دەکات بەوەی جینۆسایدی لە دەڤەری شنگال کردووە، گوتی: "شەرمەزارییەکی گەورەیە کە کەسێک دەوام ناکات و لە رێگەی پەرلەمانتارانی حزبەکەیەوە داوای پارە دەکا، بارودۆخی کوردستانیش لەو قەیرانە گەورەیە داراییەدا بێت".
جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە یوسف محەمەد لە ١٢ ئۆکتۆبەر بە ھیچ شێوەیەک سەرۆکی پەرلەمان نەماوە و ئەوەی بەو ناوەوە کردبێتی نایاسایی بووە.
بەڵام بەھار مەحموود، پەرلەمانتاری گۆڕان ) رای گەیاند، سەرۆکی پەرلەمان بەرپرسی یەکەمە لە خەرجکردنی پارە و جگە لە ئەو ھیچ کەسێکی دیکە لە پەرلەمان ئەو دەسەڵاتەی نییە، گوتی: "ئێستا ھەموو لایەک دەزانێ کە جێگرەکەی ئەو دەسەڵاتە بەکار دەھێنێ و تەنانەت بەوەش نەوەستاوە و لە دژی خۆشی بەکاری دەھێنێت و ھەموو خەرجییەکانی راگرتووە، ئەوەش لە رووی یاساییەوە ئەگەر سەیری بکەی ھەموو ئەو خەرجییانەی لە پەرلەمان کراوە نایاسایی بوون، نەوەکو ئەوەی سەرۆکی پەرلەمان کردوویەتی".
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، راستە سەرۆکی پەرلەمان ١٢٠ ملیۆن دیناری خەرج کردووە، بەڵام ھەمووی بە شێوەی فەرمی و پسوولەی خەرجکردنەکان روون و شەفافن و دیارە لە چیدا خەرج کراوە.
ئەو پرسە پەیوەندیی بە بەرپرسی نووسینگەی یوسف محەمەد لە سلێمانی کرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکەی نەدایەوە.
باسنیوز
