هاووڵاتییانی ڕواندز کەرنەڤاڵی ریفراندۆم ساز دەکەن
سیروان ڕۆژبەیانی، قایمقامی ڕواندز ڕاگەیاند، وەک ھەوڵێک بۆ پشتیوانیی لە ھەڵمەتی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان و پشتیوانکردنی ئەو ھەوڵەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەیدات بۆ سەربەخۆیی کوردستان، لەسەر ئاستی یەکە کارگێرییەکانی شاری ڕواندز، ”لەناو شار کەرنەڤاڵێکی جەماوەری ڕێکدەخەین و سەرجەم لایەنە سیاسی و مەدەنییەکانیش بانگھێشتی ئەو مەراسیمە کراون“.
سیروان رۆژ بەیانی باسی لەوەش کرد، کە لەو کەرنەڤاڵەدا، کە بڕیارە رۆژی سێشەممە 31ـی ئایاری 2016 بەڕێوەبچێت، بە شێوەیەکی خۆویسانە شێخی عەشیرەتە عەرەبەکان، کە ئاوارەی کوردستان بوون و لە ڕواندز نیشتەجێ بوون، بەشداریی دەکەن، چونکە وەک خۆیان دەڵێن مانەوە و قورسایی ئەوان ”لەگەڵ کوردستانێکی سەربەخۆ دایە“.
پێشتر لە رۆژی 17ـی ئایاری 2016، هاووڵاتییانی هەولێر کەرنەڤاڵێکیان بۆ پشتگیریکردنی هەوڵەکانی مەسعود بارزانی بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە پارکی شار ئەنجام دا.
هەروەها رۆژی سێشەممە 24ـی ئایاری 2016، چین و توێژەکانی حەوزی سۆران بەشدارییان لە کەرنەڤاڵی بەڵێ بۆ ریفراندۆم ئەنجام دا و تێیدا داوای ئەنجامدانی ریفراندۆم و سەربەخۆبوونی کوردستانیان کرد.
باس نیوز
