فەرماندەی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی: داعش شەڕی یەکلارەوەی دۆڕاند
ئەمڕۆ دووشەممە 30\5\2016، لیوا عەزیز وەیسی، فەرماندەی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی، ڕاگەیاند: “هێرشی هێزی پێشمەرگەی کوردستان هێڵێکی درێژ بوو، بە درێژایی 20 کیلۆمەترە کە دەکاتە نێوان حەسەن شام تا وەردەک، سەرجەم ئەو شوێنانە لە داعش پاک کراوەتەوە و ئێستا لەدەست هێزی پێشمەرگەی کوردستان دایە”.
لیوا عەزیز وەیسی ئەوەشی ڕوون کردەوە کە لە ئەنجامی هێرشی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، کوژراوێکی یەکجار زۆری چەکدارانی داعش هەبووە، لەو شەڕەدا داعش تۆپ و چەکی سووک و ئاربیجی و بیکەیسی بەکارهێناوە. دەشڵێت: “شەڕێکی گەورە بوو، سەبارەت بە داعش شەڕی یەکلاکەرەوە بوو، چونکە هەموو توانای خۆیان بەکارهێنا، بەڵام نەیانتوانی ڕووبەڕووی پێشمەرگە ببنەوە". جەختیشی لەوە کردەوە کە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش و بەرپرسی هاوپەیمانێتییەکە، پیرۆزبایی و دەستخۆشییان لە هێزی پێشمەرگە کردووە و دڵخۆشیی خۆیان بەو سەرکەوتنە ئاشکرا کردووە.
لە بەرەبەیانی دوێنێ یەکشەممە 29\5\2016ەوە، هێزێکی بەرفراوانی پێشمەرگەی کوردستان ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ ئازادکردنەوەی چەند ناوچەیەک لە میحوەری خازر دەست پێ کرد و ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانیش لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد، 5500 پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بەشدار بوون.
باسنیوز
