مەكتەبی سیاسی، پیرۆزبایی لە سەڵاحەددین محەممەد بەهائەددین دەكات

مەكتەبی سیاسی، پیرۆزبایی لە سەڵاحەددین محەممەد بەهائەددین دەكات
مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە پەیامێكدا بە بۆنەی سەركەوتنی حەوتەمین كۆنگرەی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانەوە، پیرۆزبایی لە (سەڵاحەددین محەممەد بەهائەددین) و ئەندام و لایەنگرانی ئەو حزبە دەكات.

ئەمەیش دەقی پەیامەكەیە:

بۆ بەڕێز/ سەڵاحەددین محەممەد بەهائەددین ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان

بە بۆنەی سەركەوتنی حەوتەمین كۆنگرەی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان و هەڵبژاردنی بەڕێزتان وەك ئەمینداری گشتی، بە گەرمی پیرۆزباییتان لێ دەكەین و هیوای سەركەوتن و پێشكەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازین. لە رێی بەڕێزیشتانەوە پیرۆزبایی لە یەكە یەكەی ئەندام و لایەنگرانی یەكگرتوو دەكەین.

بەهیواین ئاكام و بڕیار و راسپاردەكانی كۆنگرەكەتان خزمەتی زیاتر بە پتەوكردنی نەهجی میانڕەو و هاوسەنگانەی حیزبەكەتان بكات كە هەمیشە پێی ناسراون و بە قازانجی بەرژەوەندییە باڵاكانی میللەتەكەمان بشكێتەوە.

كۆنگرەكەتان كە هاوزەمان بوو لەگەڵ هەلومەرجێكی هەستیار و چارەنووسسازدا كە گەلی كوردستان پێیدا تێدەپەڕێ، گرینگیی تایبەتی خۆی هەیە و بڕیار و ئاكامەكانی جێگەی بایەخی هەموو لایەكمانە.

هەر لەم بۆنەیەدا وێڕای دووپاتكردنەوەی پەیوەندیی دۆستانە و كوردستانیانەی نێوانمان، هیوای هەرچی زیاتر پتەوكردنی ئەو دۆستایەتی و برایەتییە دەخوازین كە كوردستان و قۆناغی ئارا و هەڕەشە و پڕكێشییەكان و هاوكات نزیكبوونەوەی ئاواتە مەزنەكەی گەلەكەمان لە دیاریكردنی مافی چارەنووسدا دەیخوازێت.

پیرۆزبایی گەرمیشمان بە سەركردایەتی نوێی یەكگرتوو دەگەیەنین و هیوای سەركەوتن و مۆفەقیەتیان بۆ دەخوازین لە ئاڕاستەكردنی سیاسەت و رێباز و هەڵوێستەكانی یەكگرتوودا بەرەو خزمەتكردنی زیاتری گەلەكەمان و سەرخستنی پرۆسەی سیاسیی دیموكراتییانەی كوردستان و یەكدەستی و هاوهەڵوێستیی هەمووان لە پرس و دۆزە چارەنووسسازەكاندا.



مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان

30/5/2016








KDP
Top