پارتی، ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی پیرۆز دەكات
ئەمەیش دەقەكەیەتی:
بەڕێزان.. هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان
بە بۆنەی چلویەكەمین ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز و ئەندامان و لایەنگرانتان دەكەین.
بە شێوەیەكی زۆر تایبەتیش پیرۆزبایی لە بەڕێز (مام جەلال) دەكەین، دامەزرێنەر و گەشەپێدەری یەكێتی كە رۆڵی پڕ بایەخی هەبووە لە خەباتی كوردەواری و یەكخستنی ناوماڵی كوردستان.
ئەمڕۆ لە هەلومەرجێكی ئاڵۆزدا كە نەخشەی ناوچەكە بە كۆتاییهاتنی سایكس پیكۆ گۆڕانكاریی بەسەردا دێت، گەلی كوردستان بە پشتیوانیی هێزی پێشمەرگە سەربەرزانە شەڕی گەورەترین هێزی تیرۆر دەكات و ئوستوورەی داعشی شكاندووە و خۆیشی نەكردووەتە بەشێك لە شەڕی مەزهەبی و بەرەنگاری قەیرانی دارایی بووەتەوە و میوانداریی نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارە دەكات و شكست بەو گێچەڵانە دێنێت كە بەرۆكی دەگرن و، نموونەیەكی راستەقینەی لە پێكەوەژیان پێشكەش كردووە، چاوی ئومێدی لە سەربەخۆییە و لەو پێناوەدا قوربانی زۆری بەخشیوەو بە لەویش كەمتر رازی نابێ، بۆیە چاوەڕوانی لە هێزە سیاسییەكانییەتی بە بەرپرسیارێتیی مێژوویی و نیشتمانییەوە مامەڵە بكەن و یەكڕیزی بپارێزن و ئەم دەرفەتە لە دەست نەدەن.
دووبارە بە ناوی خۆمان و هەڤاڵانی پارتیمانەوە، پیرۆزبایی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستانتان لێ دەكەین.
مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
30/5/2016
KDP
