هەرێمی کوردستان وەڵامی راپۆرتی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەداتەوە
لەو کۆنگرە ڕۆژنامنووسییەدا د. دیندار زێباری گوتی " هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی رەوشی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان خستەروو و ئاماژەی بەوە کرد کە لەسەر پێشێلکردنی مافی کرێکاران ٦ کۆمپانیا خراونەتە لیستی رەشەوە و 18 کۆمپانیا بەشێوەیەکی فەرمی ئاگادارکراونەتەوە. حکوومەت لەریگەی بەرێوەبەرایەتی کار لە پارێزگاکان 4244 هەلی کاری بۆ بێکاران دۆزیوەتەوە."
پەختەی ناوەرۆکی کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکە:
ئەمڕۆ دووشەممە، 30ی ئایاری 2016 لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بۆ وەڵامدانەوەی راپۆرتی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەبارەت بە رەوشی مافی مرۆڤ لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2015 لە هەرێمی کوردستان بە پشتبەستن بە چەندین ئامار و زانیاری لایەنە حکومی و نا حکومییەکان سازکرا و لەمیانەی ئەم کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا وەڵامی دامودەزگا حکومییەکانیش بۆ راپۆرتەکەی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ خرایە روو.
د. دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان تیشکی خستە سەر سەروەری یاسا لە هەرێمی کوردستان و رایگەیاند کە بە گوێرەی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩ هیچ کەس و لایەنێک مافی دەستگیرکرنی کەسێکی دیکەی نییە ئەگەر بێت و دادگا فەرمانی دەستگیرکردن دەرنەکات و دام و دەزگاکانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێم لایەنی جێبەجێکردنی فەرمانەکانی وەزارەتی ناوخۆن، هەروەها ئاماژەشی بەوە کرد کە داواکاری گشتی لە ٢٠١٥ دا تەنها لە بەندیخانەی مەحەتە (115) بەدواداچوونی کردووە و راپۆرتی بۆ لایەنی پەیوەندیدار بەرزکردووەتەوە هەروەها بەدواداچوونیان بۆ ٣٠١ سکاڵا کردووە.
سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی بۆ پاراستنی رەوشی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان خستەروو و ئاماژەی بەوە کرد کە لەسەر پێشێلکردنی مافی کرێکاران ٦ کۆمپانیا خراونەتە لیستی رەشەوە و 18 کۆمپانیا بەشێوەیەکی فەرمی ئاگادارکراونەتەوە. حکوومەت لەریگەی بەرێوەبەرایەتی کار لە پارێزگاکان 4244 هەلی کاری بۆ بێکاران دۆزیوەتەوە.
سەبارەت بە توندوتیژی دژی ئافرەتان و رەوشی ژیانیان لە شەڵتەرەکان زێباری ئاماژەی بەوە کرد کە حکوومەتی هەرێم ئەوەی لە توانایدا بووە لەرێگەی دامەزراوە و ریکخراوەکانی داکۆکیکردن لە مافی ژنان کردوویەتی بۆ ئەوەی دیاردەی توندوتیژی دژ بە ژنان کەم ببێتەوە و بەرەو نەمان بچێت، هەروەها بەردەوام هاوکاری ئەو ژنانەشیان کردووە کە روویان لە شەڵتەرەکان کردووە بە جۆرێک کە لە ساڵی 2015دا 703 ئافرەت روویان لە شەڵتەرەکانی داڵدەدان کردووە و پاش هاوکاریکردنیان لەلایەن شەڵتەرەکانەوە و چارەسەرکردنی کێشەکانیان ( 623) کەسیان شەڵتەرەکانیان جێهێشتووە.
دکتۆر دیندار زێباری سەبارەت بە میدیا و ئازادی رادەربڕین قەڵاچۆکردنی ماددەی هۆشبەریش وتی: حکوومەتی هەرێم بنەماکانی دیموکراسی پەیرەو دەکات لە بواری راگەیاندن، ئێستا لە هەرێمی کوردستان (٨٠٠٠) رۆژنامەنووس هەیە لە هەموو بوارەکاندا.
لە هەرێمی کوردستان بۆ قەدەغە کردنی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان کار بە یاسای ژمارە (٦٨)ی ساڵی ١٩٦٥ دەکرێت و لە هەر یەک لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی بەشی تایبەت بە ئالودەبوانی ماددە هۆشبەرەکان کراوەتەوە وەک بەشێک لە نەخۆشخانەی تووشبووان بە نەخۆشییە دەروونییەکان.
لە کۆتاییدا سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند کە حکوومەتی هەرێم 40 کەمپی بۆ ئاوارە و پەنابەران دروستکردووە و ئەوەی لە توانایدا بووە ئەنجامیداوە بۆ هاوکاری کردنی ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی کە روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە. لە کەمپەکان نیشتەجێیان کردوون و پێداویستی و کەل و پەلە سەرەتاییەکانیان بۆ دابین کردوون و بە گوێرەی قەبارەی ئەو کەمپانەی کە پەنابەران تێیدا نیشتەجێن پۆلیس و ئەفسەر دانراون بۆ کۆنترۆڵکردنی رەوشی ئەمنی ئەم کەمپانە، هەروەها چەندین بنکەی تایبەتی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی توندوتیژی دانراوە و لە هەموو کەمپەکان بنکەی تەندروستی هەیە بۆ ئاگاداربوون لە رەوشی تەندروستی خەڵکەکە و ژمارەیەکی زۆر لە منداڵی پەنابەرەکانیان ناردووەتە خویندنگا و قوتابخانەکان بۆ ئەوەی لە خوێندن دوانەکەون.
تا ئێستا ژمارەی قوتابیانی ئاوارە و پەنابەر لە هەرێم نزیکەی (١٢٥) هەزار قوتابییە ئەمە جگە لەو قوتابیانەی کە لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم درێژە بە خوێندنیان دەدەن، هەروەها لە ساڵی خوێندنی ٢٠١٥-٢٠١٦ ژمارەی قوتابییە ئێزیدییەکان لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم گەیشتۆتە ١٠٥٠ قوتابی.
باسنیوز
