پارەی ئاوارەكان هەفتەی داهاتوو دابەشدەكرێت

پارەی ئاوارەكان هەفتەی داهاتوو دابەشدەكرێت
وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراق ئاشكرایدەكات، هەفتەی داهاتوو پارەی هاوكاری بەسەر ئاوارەكاندا دابەشدەكرێت، هەر خێزانێكیش 250 هەزار دیناری پێدەدرێت.

ئەو هاوكارییە داراییە، بڕیارە مانگانە لەلایەن حكومەتی عیراقەوە دابەشبكرێت، بەسەر ئەو خێزانانەی بەهۆی شەڕی داعشەوە لەدوو ساڵی رابردودا لەناوچەكانیان خۆیان هەڵهاتوون‌و لەسنوری ناوچەكانی تری عیراق، جێگیربوون.

د. دەرباز محەمەد، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراق راگەیاند " دوای كۆبونەوەمان لەگەڵ وەزیری دارایی عیراق، بڕیاردرا هەفتەی داهاتوو دابەشكردنی پارەی هاوكاری خێزانە ئاوارەكان دەستپێبكات، كە لە یاسای بودجەدا دیاریكراوە و بڕیاری لێدراوە."

هاوكاریەكە لەڕێگەی كریدی كارتەوە دابەش دەكرێت و هەر خێزانێك بڕی 250 هەزار دیناری پێدەدرێت.

وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراق، ئاشكراشیكرد " وابڕیاربوو ئەو یارمەتییە هەموو مانگێك دابەش بكرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەلایەن وەزارەتی دارایی عیراقەوە پارە ناخرێتە سەر ئەو حساب بانكییەی كە بۆی دیاری كراوە، دوادەكەوێت".

بەپێی راگەیەندراوێكی نەتەوەیەكگرتووەكان، نزیكەی دوو ملیۆن كەس لەو پارێزگایانەی عیراق ئاوارەبوون كە شەڕو پێكادانی نێوان داعش‌و هێزە ئەمنییەكانی تێدایە.

بەپێی ئامارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش، زیاتر لە یەك ملیۆن‌و 500 هەزار هاولاتی خەڵكی ناوچەكانی عیراق روویان لەپارێزگاكانی هەرێم كردووە، لەكەمپەكاندا نیشتەجێكراون.س
Top