دژە تیرۆری ئەنجومەنی ئاسایش: چوار گوند لە سنووری خازر رزگار کرانەوە

دژە تیرۆری ئەنجومەنی ئاسایش: چوار گوند لە سنووری خازر رزگار کرانەوە
هێزی دژە تیرۆری سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە چوار گوند لە محوەری خازر رزگار کرانەوە.


لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، هێزی دژە تیرۆری کوردستان رایدەگەیەنێت، هێرشەکەی پێشمەرگە لە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 29ـی ئایاری 2016 بە سەرپەرشتیی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستان ئەنجام دەدرێت.


بەپێی زانیارییەکانی دژە تیرۆر، لە هێرشەکەدا، پێشمەرگە چوار ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراوی خۆکوژیی داعشی تەقاندووەتەوە و چەندین تۆپی دوورهاوێژ و مەفرەزەی هاوەنیی داعشی تێکشکاندووە.


دژە تیرۆر ئاماژەی بەوەش کردووە، ژمارەیەکی زۆری چەکدارانی داعش کوژراون، کە سێ نیشانەشکێن (قەناس بەدەست)یان لە نێودا بووە.


هەر لە پۆستەکەدا، هێزی دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاندووە، کە هێرشەکە بەردەوامە و تاوەکو ئیستا (سەعات 2:30ـی خولەکی ئێوارە)، هەرچوار گوندی (تەلئەسوەد، زھرە خاتوون، تەلبەند، موفتییە) رزگار کراونەتەوە.



خازر دەکەوێتە دووری 20 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی شاری مووسڵ.
Top