بەشار: گەڕانەوەی پێشمەرگە، پەیوەستە بەو گۆڕانكاریانەی لە مەیدانی جەنگدا روو دەدەن
(عەبدولحەكیم بەشار)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "سەبارەت بە بابەتی رزگاركردنی شاری (رەققە)، ئامانجێكی ستراتیژی هاوبەشە لە نێوان ئەمەریكا و سوپای ئازاددا، بەڵام ئایا بارودۆخی لۆژیكی و سیاسی لەبارە بۆ ئەم مەبەستە، پێم وایە ئەم پرسە لەسەرووی رەهەندی سەربازییەوەیە و رەهەندێكی دیكەی سیاسیی گرینگ و كاریگەر لە ئارادایە، ئەویش ئەوەیە كە كێ مەرجەعی سیاسیی ئەو لایەنانەیە كە بەشداری لە پرۆسەكەدا دەكەن و كێ پرۆسەكە بەڕێوە دەبات و كێ شارەكە دوای رزگاركردنی بەڕێوە دەبات، ئایا رژێم یان سوپای ئازاد یان لایەنێكی دیكە، رێكخستنی دۆخەكە و ئامادەكاری بۆ قۆناغی دوای رزگاركردن هاوتایە بەڵكو گرینگترە لە مەسەلەی رزگاركردن. سەبارەت بە گەڕانەوەی پێشمەرگەیش بۆ وڵات و ماڵی خۆیان، كۆسپی سەرەكی رژێمە و یەكێك لەو لایەنانەی كە سەر بە رژێمن، پەیەدەیە."
(بەشار) گوتیشی: "بۆیە ئێمە پێویستمان بە لایەنی نێودەوڵەتی هەیە و بە تایبەتی ئەمەریكا بۆ ئەوەی كێشەكە و بابەتەكە لە ئەستۆ بگرێت، بۆ ئەم مەبەستەیش پەیوەندیمان پێوە كردوون و بەڵێنیان پێ داوین كە كار لەسەر بابەتەكە بكەن نەك بەڵێن بۆ گەڕاندنەوەیان، بۆیە پێشمەرگە پێش رزگاركردن یان دوای رزگاركردن دەگەڕێنەوە، ئەم بابەتە پەیوەستە بەو گۆڕانكاریانەی كە لە ئەرزی واقیع و لە مەیدانی جەنگدا روو دەدەن."
KDP
