وەزارەتی ئەوقاف بڕیاری رووخاندنی مزگەوتێک لە هەولێر رەتدەكاتەوە
مەلا فاتیح مەلا سلێمان، گوتاربێژی مزگەوتی قوبا لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند "رۆژی پێنجشەممە 19-5-2016 دووجار و بە دووبڕیاری جیاواز لەلایەن وەزارەتی ئەوقاف و شارەوانی چوار ئاگادارکراومەوە و پێیان راگەیاندم کە بڕیاری رووخانی مزگەوتی قوبا دەرچووە".
مەلا فاتیح مەلا سلێمان، کە ماوەی دوو ساڵە بەبڕیاری وەزارەتی ئەوقاف گوتاربێژی ئەو مزگەوتەیە، دەڵێت "هەردوو پەیوەندییەکەی وەزارەتی ئەوقاف و شارەوانی چواری هەولێر پێچەوانەی یەکدین، چونکە سەرەتا لەلایەن وەزارەتی ئەوقاف پێیان راگەیاندم کە ئەو مزگەوتە دەڕووخێندرێت و ئەوقاف گوتی لەلایەن شارەوانی نووسراومان بۆ هاتووە کە ئەو موڵکە هی شارەوانییە و دەبێت بڕووخێندرێت".
دەشڵێت "دواتر لەلایەن شارەوانی پەیوەندیم پێوەکرا کە بە نووسراوێک لەلایەن وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاگادارکراوینەوە کە دەبێت ئەو مزگەوتە بڕووخێندرێت".
لەبەرامبەردا مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و پێكەوەژیانی ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند " هیچ بڕیارێک سەبارەت بە رووخانی مزگەوتی قوبا لە شاری هەولێر دەرنەچووە و بەهیچ شێوەیەک پەیوەندی بە ئێمەوە نییە".
روداو
