شاندی پەرلەمانتارانی مانگرتوو لە هەولێرە
بەپێی سەرچاوەیەك راگەیاندراوە شاندەكە دوای گەیشتنیان بۆ هەولێر بەمەبەستی تاوتوێكردنی تەنگژەی ئێستەی پەرلەمانی عێراق و ئەگەرەكانی سازكردنی دانیشتنێكی بەگشتی پەرلەمانی عێراق، راستەوخۆ لەگەڵ مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێم كۆ بوونەتەوە.
بەپێی ئەو سەرچاوەیە دوای ئەوەی شاندەكە لەگەڵ فراكسیۆنە كوردییەكان لە هەولێر كۆ دەبنەوە، ئەوان سەردانی سلێمانیش دەكەن و لەوێ لەگەڵ فراكسیۆنەكانی تریش كۆ دەبنەوە هەمان پرس تاوتوێ دەكەن.
لە كۆتای مانگی رابردووەوە دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراق بەهۆی دابەشبوونی پەرلەمانتارانی و ناكۆكیان لەبارەی گۆڕانكارییەكانی حكوومەت پەكی كەوتووە و بۆ دەست پێكردنەوەشی هەموو فراكسیۆنەكان مەرجیان داناوە.
لە كۆتای مانگی نیسانی رابردوو نزیكەی 172 پەرلەمانتار وەك ناڕەزایی لەبەرامبەر گۆڕانكارییەكانی حكوومەتی عێراق لەناو هۆڵی پەرلەمان مانیان گرت و ئەوان كۆبوونەوەیەكیان ساز كرد و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیان بەزۆرینەی دەنگ لادا.
ئێستە مانگرتووان و ئەوانەشی تر چاوەڕوانی بڕیاری دادگەی فیدرالی عێراق دەكەن كە بڕیارە 25ی ئەم مانگە بڕیار لەسەر یاسایی و دەستووری هەردوو دانیشتنی كۆتایی مانگی رابردووی پەرلەملان بدات ئەوەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی تیادا هەڵوەشایەوە، ئەوەشی ژمارەیەك لە وەزیرانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق پەسند كران.
وشە
