فرانسوا ئۆلاند: فەرەنسا پاڵپشتی پێشمەرگە و گەلی کوردستانە

فرانسوا ئۆلاند: فەرەنسا پاڵپشتی پێشمەرگە و گەلی کوردستانە
دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێكی حكوومەت و ژمارەیەك لە فەرماندەكانی پێشمەرگە، فرانسوا ئۆلاند، سەرۆكی فەرەنسا رایگەیاند کە وڵاتەکەی پاڵپشتی پێشمەرگە و گەلی کوردستانە.

ئۆلاند بۆ رووداو رایگەیاند کە "فەرەنسا هەمیشە پاڵپشتی پێشمەرگەی کردووە. لە ساڵی 2014 ئەو کاتەی ئەگەری درووستبوونی کارەساتێکی گەورە لەسەر کوردستان هەبوو ئەو کات فەرەنسا چەک و پێداویستی سەربازی گرنگی بۆ پێشمەرگە نارد. هەروەها من ئاگاداری ئەو شوێنانەم کە پێشمەرگە کۆنترۆڵی کردوونەتەوە".

فرانسوا ئۆلاند، كە تەماشای فیلمی پێشمەرگەی كردووە، بە رووداوی گوت "ئەو فیلمەی کە لەسەر پێشمەرگه بەرهەمهاتووە رەهەندێکی دیکەی پێشمەرگە پیشاندەدات، ئەمڕۆ من ویستم پێشوازی لە شاندی هەرێمی کوردستان بکەمەوە کە فەرماندەی پێشمەرگەش لەگەڵیاندایە، بۆ ئەوەی دووپاتی بکەمەوە کە فەرەنسا پاڵپشتی پێشمەرگە و گەلی کوردستانە کە تاوەکو ئێستاش لەجیاتی هەموو جیهان شەڕی دعش دەکەن، ئەو شەڕەی ئەوان دەیکەن تەنها بۆ کوردستان نییە تەنها بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە ئەوە شەڕی هەموو جیهانە".

لەبارەی هاوكاری پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش، سەرۆككۆماری فەرەنسا پشتگیری خۆی بۆ هاوكاری راستەوخۆی پێشمەرگە دەربڕی و گوتی "ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییشە راستەوخۆ هاوکاری پێشمەرگە بکات، بەڵام لەهەمان کاتدا دەبێت ستراتیژییەتێکی داڕێژراو هەبێت نەک تەنیا هێرشی بێ پلان ئەنجامبدرێت، بۆ نموونە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شاری مووسڵ چونکە دەبێت بشزانین ئەو شارە دوای کۆنترۆڵکردنەوە چۆن بەڕێوەدەچێت و دەبێت هەماهەنگی لەگەڵ خەڵکی شارەکەدا بکرێت".

ئۆلاند راشیگەیاند "دەبێت پشتگیریی تەواو بۆ پێشمەرگە دابینبکرێت. دەبێت ئەو ستراتیژییە بگرینەبەر. ئێمە قسەمان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیا کردووە لەو کاتە زۆر هەستیارەدا، کاربکەن بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و هاوکات دەبێت کردەوە تیرۆریستیەکان بوەستێندرێن، لەبەرئەوەی ئێمە ناتوانین پشتگیریی کارێک بکەین بەهێز، بۆیە پێویستە هەموو گوشارێک بۆ ئاشتەوایی دەستپێبکەین".
جێی ئاماژەیە، فیلمی پێشمەرگە، فیلمێکی دۆکیومێنتەری یەکێک لە بەنێوبانگترین دەرهێنەرانی فەرەنساییە، رۆژی 20-5-2016، لە نۆیەمین رۆژی چالاكییەكانی شەست و نۆیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کان نمایشكرا.

لەكاتی نمایشی فیلمەكەدا شاندێكی باشووری كوردستان كە لە 15 كەس پێكهاتبوون بە جلوبەرگی كوردی ئامادەبوون. دیارترین ئەندامانی شاندەكە، فەرماندەكانی پێشمەرگە جەعفەر شێخ مستەفا و سیروان بارزانی، لەگەڵ پەرلەمانتاری كوردی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق ڤیان دەخیل بوون. هەروەها كچە گۆرانیبێژی كورد هێڵی لەڤ و كونسوڵی پێشووی فەرەنساش لە هەولێر هاوڕێیەتی شاندەكەی باشووری كوردستانیان كرد دیمەنی فیلمەکە بەلای سەرۆکی فەرەنساوە زۆر کاریگەر بوو و ئەوەبوو یەکڕاست دوای بینینی فیلمەکە بۆجارێکی دیکە پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.








KDP
Top