بریکاری وەزیری پێشمەرگە: "ماسك و كەلوپەلی دژە هێرشی كیمیاییمان پێویستە"
بەرپرسەكەی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت ئومێد دەكەن ئەو هاوكارییە داراییانەی ئەمریكا بەڵێنی دابوو بە پێشمەرگەی بگات. بریكاری وەزیری پێشمەرگە ئەنوەر حاجی عوسمان لە لێدوانێكی رۆژنامەنووسییدا رایگەیاند: هێزەكانی پێشمەرگە پێویستییان بە ماسك و پێویستیی دژە كیماییە بەهۆی ئەو هێرشە كیمیاییانەی چەكدارانی داعش هەندێ جار دەیكەنە سەریان.
لەوبارەیەوە ناوبراو گوتی: "داوامان كردووە و داوا لە هاوپەیمانان و هێزەكانی ئەڵمانیاش دەكەین هەموو جۆرە ماسكێكی بەرگرییمان بۆ بهێنن بۆ ئەوەی لەم قۆناغە رزگارمان بێت لەو بەرگرییەی لە دژی هێرشەكانی كیمیایی چەكدارانی داعش دەیكەین، ئەوە راستە ئەوان چەند جارێك هێرشی كیمیاییان كردووە بەڵام هێزی پێشمەرگە زۆر حسابی بۆ ناكات و ئەوان بەرامبەر بە هێزی پێشمەرگە خۆیان پێ راناگیرێت".
سەبارەت بە بەشداری هێزەكانی پێشمەرگە لە گرتنەوەی ناوچەكانی دیكەی پارێزگای نەینەوا و شەڕی مووسڵەوە ئەنوەری حاجی عوسمان رایگەیاند: "ئەوە دەهێڵینەوە بۆ بڕیاری سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان، كەی فەرماندەی هێزی چەكداری هەرێمی كوردستان فەرمانی كرد ئێمە لە یەك هەفتەدا هێرش بۆ ئەو ناوچانە دەكەین كە بڕیاریان لەسەر دەدرێت".
دەربارەی شەڕی مووسڵیش بەدیاریكراوی ئاشكرای كرد: "حكوومەتی هەرێمی كرودستان بۆ بەشداریكردن لە شەڕی گرتنەوەی مووسڵ كۆمەڵێك مەرجی هەبووە بەڵام پێشبینی دەكەین ئەو مەرجانە هێواش هێواش نامێنن، بۆ بەشداریی پێشمەرگە لەو شەڕە پێویستمان بە بڕیاری سیاسی و رێككەوتنی نێوان هاوپەیمانان و كورد و عێراقە".
باسنيوز
