حاجی قادری كۆیی 150 ساڵ پێش: پێویستە كورد دەوڵەت پێك بێنێت

حاجی قادری كۆیی 150 ساڵ پێش: پێویستە كورد دەوڵەت پێك بێنێت
حاجی قادری كۆیی 150 ساڵ لەمەوبەردەڵێت تەماشا كەن وا تاجیك سرب و بولغار دەوڵەتی خۆیان پێكدێنن تەماشا كەن ئەرمەن و عەرەب و تورك دەوڵەتی خۆیان پێك دێنن، پێویستە كوردیش بكەوێتە خۆ نەخشە و پلان دانێ‌ خۆی بەهێز كات و دەوڵەتی نەتەویی خۆی پێك بێنێت.



ئەمڕۆ یەکشەممە 22/5/2016 لە یادی دووسەد ساڵەی لەدایكبونی حاجی قادری كۆیی، شاعیری نەتەوەیی كورد، لە زانكۆی كۆیە یەکەم کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بەبەشداریی نوسەران، ڕۆشنبیرانی ناوخۆیی و دەرەکی دەستی بەکارەکانی کرد.



"حازم عەلی، گوتەبێژی کۆنفراس سەبارەت بە ناوەڕۆکی كۆنفرانسەكە ڕاگەیاند: زانكۆی كۆیە بۆ یەکەمجار کۆنفڕانسێکی نێودەوڵەتی بۆ حاجی قادری کۆیی شاعیری گەورەی کورد ساز كرد و گوتیشی كۆنفڕانسەكە دوو ڕۆژ دەخایەنێت لەم دوو ڕۆژەدا 19 توێژینەوە پێشكەش دەكرێن."



گوتەبێژی كۆنفڕانس ئاماژەشی دا" 27 توێژینەوە ئامادە كراوە لە چوار پانێل 19 توێژینەوە پێشكەش دەكرێت و چەندین توێژەر و میوانی دەرەكی و ناوخۆیی ئامادەی كۆنفڕانسەكەن لەوانە توێژەرانی زانكۆی ئەمستردام لە هۆڵەنداوە بەشدارن و چەند توێژەرێك لە زانكۆی دیاربەكر و دیجلەوە هاتوون، هەروەها لە باكووری كوردستانەوە."



پ. ی.د. عوسمان دەشتی، بەڕێوەبەری زانستیی كۆنفرانس، گرنگیی كۆنفرانسەكەی ڕوون كردەوە گوتی: "حاجی دەڵێت "دەبێت خول بخۆی وەك / بەرداش لە هەموو قەرنێك دەگۆڕێت ئەمری مەعاش ."



ئەو مەبەستی مەعاش نییە ئەو مەبەستی هەموو ئەو مەسەلانەیە كە پەیوەندیی بە كوردستانەوەیە.



عوسمان دەشتی گوتیشی "گەر فكر و نووسینەكانی حاجی قادر بخوێنینەوە ئەو یەكەم ئەندازیاری پێكهێنەری دەوڵەتی كوردییە و سەبارەت بە كۆنفراسەكە بەڕێوەبەری زانستیی كۆنفرانسەكە ئاماژەشی دا كە پێشتریش فكری حاجی توێژینەوەی زۆری بۆ كراوە و چەندین جار لێكۆڵێنەوە لەسەر نووسینەكانی كراوە، بەڵام ئەوە ئەوە ناگەیەنێت بڵێین نووسینەكانی حاجی چیدیکە هەڵناگرێت."



دەشتی سەبارەت بە كۆنفرانسەكە زیاتر گوتیشی لە 30 توێژینەوەمان بەدەست گەیشتووە هەر یەكە و لە گۆشەیەكەوە باسی حاجی دەكات، واتە لە هەومو گۆشەیەك بیر و بەرهەمەكانی حاجی دیراسە دەكەین و پاشان چاپی دەكەین و دەكەوێتە بەردەستی دەزگاكانی ڕۆشنبیریی هەرێمی كوردستان.



حاجی قادری كۆیی دووسەد ساڵ لەمەوبەر لە (1816) لە گوندی گۆڕ قەرەج لە ناحیەی تەق تەقی سەر بە قەزای كۆیە لەدایك بووە و لە ساڵی 1897 لە ئیستەنبووڵ كۆچی دوایی دەكات و هەر لەوێش دەنێژرێت.










(باسنیوز)
Top