سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان: هەوڵدان بۆ گۆڕانكاری نابێ زیان له‌ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش بدات

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان: هەوڵدان بۆ گۆڕانكاری نابێ زیان له‌ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش بدات
له‌ كۆبوونه‌وه‌یاندا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، شاندی بەرەی چاكسازی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داوای سەرەتایەكی تازەیان بۆ عێراق و پڕۆسەی سیاسی كرد، بە جۆرێك كە ئیدارەدانی هەڵە نەمێنێت و ڕێز لە ڕێككەوتنەكان و شەراكەت نێوان پێكهاتەكانی عێراق بگیرێت. له‌ به‌رانبه‌ردا (سه‌رۆك بارزانی) رایگه‌یاند، شێواز و كاتی داواكاری و هەوڵدان بۆ گۆڕانكاری دەبێ لەبەرچاو بگیرێت، بە جۆرێك كە زیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش نەدات.


ئه‌مڕۆ یەكشەممە 22ـی 5ـی 2016 لە سەلاحەددین، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی بەرەی چاكسازی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا شاندی میوان باسیان لەو هۆكارانە كرد كە هانی ئەوانی داوە لەبەرانبەر پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا هەڵوێست وەربگرن و ڕێگەی مانگرتن بگرنە بەر. دواتر ئەجێندا و ئامانج و شێوازی كاركردنیان بۆ (سەرۆك بارزانی) شیی كردەوە و داوای سەرەتایەكی تازەیان بۆ عێراق و پڕۆسەی سیاسی كرد، بە جۆرێك كە ئیدارەدانی هەڵە نەمێنێت و ڕێز لە ڕێككەوتنەكان و شەراكەت نێوان پێكهاتەكانی عێراق بگیرێت.

شاندی میوان سوپاسی هاوكاری و میوانداریی گەلی كوردستانیان كرد بۆ ئاوارە و لێقەوماوانی عێراقی و، ڕەخنەیشیان لە حكوومەتی عێراقی گرت كە خەمی ئاوارەكانی نەبووە وەك بڵێی هاووڵاتیی عێراق نەبن.

لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) جەختی لە پێویستیی گۆڕانكاری و چارەسەركردنی گرفتەكان كردەوە و ئەوەیشی خستەڕوو، شێواز و كاتی داواكاری و هەوڵدان بۆ گۆڕانكاری دەبێ لەبەرچاو بگیرێت، بە جۆرێك كە زیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش نەدات.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا (سەرۆك بارزانی) باسی لە مێژوو و قۆناغەكانی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق و ئەو نەهامەتیانە كرد كە بەسەر گەلی كوردستاندا هاتووە و، ڕۆشناییشی خستەسەر بۆچوونی هەرێمی كوردستان لەبارەی ڕووداوەكانی بەغدا.









KDP
Top