عەبادی داوای گەرانەوەی پەرلەمانتارانی کورد لە سەرۆك بارزانی دەکات

 عەبادی داوای گەرانەوەی پەرلەمانتارانی کورد لە سەرۆك بارزانی دەکات
پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، سەرۆک وەزیرانی عێراق ھەوڵی رازیکردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەدات تاوەکو نوێنەرانی کورد بگەرێنەوە بۆ پەرلەمانی عێراق.

شاخەوان عەبدوڵڵا، بڕیاردەری لیژنەی ئاسایشی و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند، گەرانەوە و نەگەرانەوەی کورد بۆ بەغدا بەندە بە بڕیاری سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان.

شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بە لێدان و سووکایەتیکردن بە پەرلەمانتارانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان کرد و رایگەیاند، نەگەڕانەوەی پەرلەمانتارانی پارتی وەک رێزگرتنێکە بۆ پەرلەمانتارانی یەکێتی و گۆڕان.

ئەو پەرلەمانتارە کوردە پێیوایە ئەمریکییەکان نایانەوێ پەرلەمانتارانی کورد نەگەڕێنەوە بەغدا، چونکە بە نەگەڕانەوەی پەرلەمانتارانی کورد، پەرلەمانی عێراق دەبێتە پەرلەمانێکی عەرەبی و ”ئاڵۆزییەکانی بەغداش کاریگەرییان لەسەر هەڵبژاردنی ئەمریکا دەبێت“.

شاخەوان عەبدوڵڵا هەروەها رایگەیاند، کە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق هەوڵ دەدات مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رازی بکات، تاوەکو بڕیاری گەڕانەوەی پەرلەمانتار و وەزیرانی کورد بدات بۆ بەغدا.

لەبارەی دیار نەمانی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە عێراقدا، شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژە بەوە دەکات، سەدر بەمەبەستی پاڕانەوە و مەراسیمی تایبەتی شیعەکان دوو مانگ خۆی لە خەڵک دوورخستوەتەوە.





باسنیوز
Top