ساڵح موسلیم: دەوڵەتە عەرەبییەکەی سووریا و عێراق بۆ کورد بوونە بەڵا

 ساڵح موسلیم: دەوڵەتە عەرەبییەکەی سووریا و عێراق بۆ کورد بوونە بەڵا
ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە)، ڕای گەیاند، سایکس بیکۆ دەوڵەت نەتەوەی دروست کرد کە ئەم دەوڵەت نەتەوانە لەسەر کورد بوون بە بەڵا، بەڵام بەم حاڵەشەوە سنوور بۆ کورد واتای نەبووە.



دوێنی یەکشەممە (15.5.2016)، ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا و لە وەڵامی پرسیارێکی (باسنیوز)دا گوتی: "سەد ساڵ بەسەر سایکس بیکۆدا تێپەڕێوە و ئەو ریککەوتننامەیەی لە نێوان زڵهێزەکاندا واژوو کرا و تێیدا دەوڵەت نەتەوە دروست بوو، کە بە درێژایی ئەو سەد ساڵە تاوانیان بەرامبەر کورد ئەنجام دا".



ساڵح موسلێم گوتیشی: "سایکس بیکۆ دەوڵەت نەتەوەی تورک، عەرەب و هی دیکەشی دروست کرد کە هەموویان لەسەر کورد بوونە بەڵا و بە درێژایی مێژوو ئەو دەوڵەت نەتەوانە بەرامبەر بە کورد تاوانیان ئەنجام داوە و کوردیان جینۆساید کردووە".



بە گوتەی هاوسەرۆکی پەیەدە، دەوڵەت نەتەوە دوژمنی گەڵان، کەمە نەتەویی و دوژمنی هەموو جوانییەکە و هیوای خواست کە دادپەروەری و یەکسانی و دابینکردنی مافی گەڵان شوێنی سایکس بیکۆ بگرێتەوە

.

ساڵح موسلیم جەختی لەوەش کردەوە کە دەبێ، دوای کۆتایی هاتنی سایکس بیکۆ زەمینەیەک بنیاد بنرێ کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئیتر کەس نەتوانێ مافی گەڵان پێشێل بکات، و بوار بۆ ژیانی پێکەوە ئاشتیانە و دیموکراسی بڕەخسێت.



هاوسەرۆکی پەیەدە ئەوەشی خستەڕوو کە کورد باوەری بەو سنوورە نەبووە، بەڵگەشی بۆ ئەو قسەیە ئەوەیە کە گەنجی مەهابادی و کرماشان لە کۆبانی شەهید بووە.



لە کۆتایی قسەکانیدا ساڵح موسلیم گوتی: "ئێمە ناڵێین سنوور هەبێ یان نەبێ، یانیش بگۆردرێ، بەڵکو ئەوەی گرنگە کورد دەبێ بۆخۆی بڕیار لەسەر چارنووسی خۆی بدات و بۆ ئەمەش پێویستە یەکڕیز و یەک دەنگ بێ".






باسنيوز
Top