پارتی: دەبێت هەنگاوەکان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان چڕتر بکرێنەوە
بەسەرپەرشتی جەنابی سەرۆك (مەسعوود بارزانی) كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتیمان پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجام دراو چەندین بابەتی سیاسی و رێكخراوەیی خرایە بەر باس و گفتوگۆ و بڕیار لێدان.
* بارودۆخی عێراق:
پرۆسەی سیاسی لە عێراق رۆژ لە دوای رۆژ ئاڵۆزتر دەبێت و رووداوەكان لێكترازان و دووركەوتنەوەی نێوان لایەنەكانی بەشدار لە پرۆسەكە زیاتر دەكات و هەیبەتی دام و دەزگاكانی دەوڵەتی عێراق ناهێڵێ، رووداوەكانی ئەم دواییەی بەغداش سەلمێنەری ئەو راستیەن كە چونكە دەستوور نەبۆتە بنەمای كاری دام و دەزگاكان و هەر لایەك بەگوێرەی بەرژەوەندی تایەفی یان سیاسی خۆی سوود لە مادەكانی دەستور وەردەگرێ، هێزی بەرقەراركردنی ئاسایش لە دەست حكوومەت نەماوە، رێككەوتنە ژێر بە ژێرەكانی هەندێ لایەن وای كردووە پەرلەمان سوكایەتی پێ بكرێت و هەوڵی داسەپاندنی ئیرادەو خواستی چەند لایەنێك دوور لە رێچكە دەستوری و یاساییەكان دەدرێت. كۆبوونەوە ئەم شێوە رەفتارو كردارانە ئیدانە دەكات و بە هەڕەشەیەكی جدی دەزانێ لەسەر كۆی پرۆسەی سیاسی عێراق كە كاریگەری دەبێت لەسەر ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی ئیرهاب و ژیانی هاوولاَتیان.
* بارودۆخی شەڕ دژی تیرۆریستانی داعش:
بەرەنگاربوونەوەی دڕندەكانی داعش لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە پشتیوانی جەماوەری خۆراگری كوردستان و هاوپەیمانان تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو, خۆراگری و قارەمانێتی پێشمەرگە بەرز نرخێندرا كە سەرەرای كۆمەڵێك ئاستەنگ بەوپەری ئازایەتی و مەردایەتیەوە, شەڕی شەمشەمە كوێرەكانی جاهلیەت دەكەن و بەرگری لە نیشتمان و مرۆڤایەتی دەكەن, پاڵپشتی جەماوەری كوردستان و خۆراگرییان لەو قەیرانانەی هاتونەتە پێش نیشتمانپەروەری و مرۆڤ دۆستیان دەردەخات.
كۆبوونەوە سەری رێزو نەوازش بۆ تەواوی شەهیدان دادەنوێنێ و هیوای چاكبوونەوەش بۆ بریندارەكان دەخوازێ.
* بارودۆخی نێوخۆی كوردستان:
لەم بارودۆخە ناهەموارو هەل و مەرجە سیاسی و عەسكەریانەی ناوچەكەو عێراق, خەڵكی كوردستان بەگشتی و لایەنە سیاسیەكان بەتایبەتی دەبێ ئامادەیی تەواویان هەبێت بۆ رووبەرووبوونەوەی هەموو ئەگەرەكان و, بیركردنەوەو هەنگاوەكان لە ئاست ئەو گۆرانكاریانەدا بن.
كۆبوونەوە بارودۆخی نێودەوڵەتی و ناوچەكەو كوردستان بەگونجاو دەزانێ بۆ بریاردان لەسەر شێوازی پێكەوە ژیانی خەڵكی كوردستان لەگەڵ عێراق, بۆیە دەبێ هەنگاوەكان بۆ ئەنجام دانی ریفراندۆم چڕتر بكرێنەوەو بەجۆرێك كە لە ئاست خێرایی رووداوەكان دابن و ئیتر خەڵكی كوردستان بریار لە چارەنوسی خۆی بدات.
بۆ ئەم بابەتەش پێویستە تەواوی پێداویستی و رێكارەكانی بۆ ئامادە بكرێت.
* بابەتی پێداچوونەوەو رێكخستنەوەی بوارە جیاجیاكانی نێو خۆی پارتیمان و نەهێشتنی كەم و كوڕیەكان:
بە تێروتەسەلی گفتوگۆ لەسەر كەم و كوڕی و ئاستەنگ و پێداویستیەكانی ئەم قۆناغەی كاری حزبایەتی كرا, كە پێویستیان بە رێكخستنەوەو چاكسازی و هەمواركردنەوەی سەردەمیانە دەبێت, بۆ ئەم مەبەستەش كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی تەخویلی مەكتەبی سیاسی كرد بۆ پێكهێنانی چەندین لیژنە لە بواری جیاجیادا بۆ ئامادەكردنی شێوازی چارەسەریەكان بۆ بریار لێدان بە بەشداری هەڤالاَنی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی بۆ هەر یەك لەو بابەتانەی باس و گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.
ئەنجومەنی سەركردایەتی
پارتی دیموكراتی كوردستان
٥/٥/٢٠١٦
