ئێران رۆڵی هەرێم لە جەنگی دژ بە تیرۆریستان بەرز دەنرخێنێت

 ئێران رۆڵی هەرێم لە جەنگی دژ بە تیرۆریستان بەرز دەنرخێنێت
لەدیداریدا لەگەڵ راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، باڵیۆزی ئێران لە عێراق، رۆڵی هەرێمی کوردستانی لە جەنگی دژ بە تیرۆریستان بەرز نرخاند و ئاواتی خواست بە هاوکاریی ناوچەیی و نێودەوڵەتی هەرچی زووتر کۆتایی بە هەرەشەی تیرۆریستان لە عێراق و سوریا بهێنرێت.

ئەمڕۆ (مەسروور بارزانی) راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە (حەسەنی دانایی فەر) باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران و مورتەزا عەبادی کۆنسولی گشتیی ئێران لە هەولێر و شاندنی یاوەری کرد.

لەم دیدارەدا گفتوگۆ لە سەر دوا رەوشی عێراق و ناوچەکە کرایەوە و بە تایبەتی تیشک خرایە سەر دوا رەوشی جەنگی دژی تیرۆریستانی داعش و هەروەها پەرەسەندنە سیاسییەکانی ناوخۆی عێراق. باڵیۆزی ئێران لە ئاماژەیەکدا بە دوا سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگە رۆڵی هەرێمی کوردستانی لە جەنگی دژ بە تیرۆریستان بەرز نرخاند و ئاواتی خواست بە هاوکاریی ناوچەیی و نێودەوڵەتی هەرچی زووتر کۆتایی بە هەرەشەی تیرۆریستان لە عێراق و سوریا بهێنرێت.

لە بارەی پەرەسەندنە سیاسییەکانی ناوخۆی عێراق، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم تیشکی خستە سەر ئەوەی کە دەبێت واقعبینانە مامەڵە لە گەل رەوشی ناوخۆی عێراق بکرێت و چارەسەریی کیشەکان بە رەچاوکردنی هۆکارە مێژووییەکان بێت و ناکرێت جەخت لەو رێکارانە بکرێتەوە کە هەمان ئەم ئەنجامانەی ئێستای لێدەکەوێتەوە.
هەر لەم دیدارەدا باس لە چۆنیەتی ئاسانکاریی زیاتر لە ناوچە سنووریەکان کرا بە جۆرێک هاتووچۆی گەشتیاری و پەیوەندییە ئابوورییەکان زیاتر پەرەی پێ بدرێت.
Top