ئەمنستی ئینتەرنەشناڵ: حکوومەتی هەرێم توانیویەتی لە ڕووی پاراستنی مافەكانی مرۆڤەوە كاری باش و ئەرێنی ئەنجام بدات

 ئەمنستی ئینتەرنەشناڵ: حکوومەتی هەرێم توانیویەتی لە ڕووی پاراستنی مافەكانی مرۆڤەوە كاری باش و ئەرێنی ئەنجام بدات
لەدیداریدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی کوردستان، سەلیل شیتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند کە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان توانیویەتی لە ڕووی پاراستنی مافەكانی مرۆڤەوە كاری باش و ئەرێنی ئەنجام بدات.


ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 4 - 5 - 2016 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە سەلیل شیتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (Amnesty International) و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و دەستخۆشییان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی كرد كە هەمیشە لەگەڵ ڕێكخراوەكەیان هاوكار بوونە و بۆ هەر شوێنێك وستبێتیان بچن، دەرگایان بۆ كراوە بووە بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە لەو حاڵەتانە بكەن كە جێی بایەخی ئەوانە.
دووپاتیشیان كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان توانیویەتی لە ڕووی پاراستنی مافەكانی مرۆڤەوە كاری باش و ئەرێنی ئەنجام بدات و لەگەڵ ئەمەش چەند حالەتێكیان لەگەڵ سەرۆكوەزیران باس كرد كە جێگەی بایەخی ئەوانە و داوایان كرد كە هاوكار بێت بۆ بەدواداچوون لەسەر ئەو حاڵەتانە. هەروەها دەستخۆشییان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە ماوەی چەند ساڵێكە سزای لەسێدارەدانی لە هەرێمی كوردستان وەستاندووە و ڕێز لە بنەماكانی مافی مرۆڤ گیراوە.

لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و تێبینییەكانی شاندی میوانی كرد و داوای كرد حكوومەتی هەرێم و دەزگا پەیوەندیارەكانی لە هەر حاڵەتێكی پێشێلكاری لە هەر شوێنێكی هەرێمی كوردستان بێت، ئاگاداری بكەنەوە بۆ ئەوەی بەدواداچوونی پێویستیان بۆ بكرێت.

سەبارەت بەو حاڵەتانەی كە شاندی میوان خستیانە ڕوو، بەڵێنی پێدان بە جددی بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەیان بۆ بكات و لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەش ئاگاداریان بكاتەوە. هەروەها دووپاتی كردەوە ئەو كۆمسیۆنەی كە لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان دامەزراوە، كاری جددی خۆی بۆ وەڵامدانەوەی سەرجەم ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان كردووە و بەردەوامیش دەبن لە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و ئەو ڕێكخراوانەی مافی مرۆڤ كە سەردانی كوردستان دەكەن و هەموو هاوكارییەكیشیان پێشكەش دەكرێت.
Top