رۆژێك له‌به‌رخودان
چه‌كدارانی داعش، به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هێرشی به‌رفراوانی كرده سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه له‌میحوه‌ره‌كانی تلسقۆف، گوێر، خازر، ناوه‌ران‌و باشیك، به‌ڵام ته‌نیا توانییان بچنه ناو شارۆچكه‌ی تلسقۆفه‌وه كه له‌دوانیوه‌ڕۆدا له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌وه كۆنتڕڵكرایه‌وه، شه‌ڕه‌كه دوای له‌هه‌موو میحوه‌ره‌كانه‌وه به‌شكاندنی داعش كۆتاییهات.
شه‌ڕه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ له‌كاتێكدابوو، له‌سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌وه داعش چه‌ند جارێك هێرشیكردووه‌ته سه‌ر میحوه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه له‌سنوری موسڵ، ئه‌وه‌ش هاوكات بوو له‌گه‌ڵ ئۆپه‌راسیۆنی پێشمه‌رگه به‌هاوكاری حه‌شدی شه‌عبی‌و بۆردومانی فرۆكه‌كانی هاوپه‌یمانان بۆ كۆنتڕڵكردنه‌وه‌ی گوندی به‌شیر له‌باشوری پارێزگای كه‌ركوك.
میحوه‌ری ناوه‌ران
كاتژمێر 5:30 خوله‌كی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، داعش له‌میحوه‌ری ناوه‌ران هێرشیكرده سه‌ر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه، تاوه‌كو له‌كاتژمێر 2ی دوانیوه‌ڕۆدا پێشمه‌رگه به‌بێ زیانی گیانی كۆتایی به‌شه‌ڕه‌كه هێنا‌و داعشی تێك‌شكاند.
میحوه‌ری ناوه‌ران سنووری له‌گه‌ڵ داعش زیاتر له 20كم ده‌بێت به‌ئاڕاسته‌ی میحوه‌ری تلسقۆف، كه ده‌كه‌وێته سنوری نێوان پارێزگای دهۆك‌و موسڵ، له‌رووی سه‌ربازییه‌وه به‌ناوچه‌یه‌كی گرنگ هه‌ژمارده‌كرێت‌و ته‌نیا (10كم) دووره له‌قه‌زای شێخان، كه هاوڵاتیان له‌نێوان هه‌ولێر‌و دهۆكدا هاتوچۆی پێدا ده‌كه‌ن.
سه‌ربه‌ست روانكی، به‌رپرسی میحوه‌ری ناوه‌رانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه "به‌هۆی قایمی سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه، داعش نه‌یانتوانی خۆیان بگه‌یه‌نن به‌سه‌نگه‌ره‌كان ئه‌گه‌رچی هه‌موو جۆره چه‌كێكی قورس له‌مه‌دفه‌عی 155و 122، هاوه‌نی 82و 81و 10ملم-یان پێ‌بوو".
ژماره‌ی ئه‌و داعشانه‌ی هێرشیانكرده سه‌ر میحوه‌ری ناوه‌ران زیاتر له 200 چه‌كدار ده‌بوون،وه‌كو به‌رپرسی میحوه‌ره‌كه ده‌ڵێت "به‌ڵام پێشمه‌رگه نه‌به‌ردانه به‌ره‌نگاریان بونه‌وه، دوای شه‌ڕێكی سه‌خت‌و قورس توانرا داعش تێكبشكێندرێت".
فرۆكه جه‌نگیه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌میحوه‌ری ناوه‌ران هێچ هێرشێكیان نه‌كرده سه‌ر چه‌كدارانی داعش، به‌وته‌ی سه‌ربه‌ست روانكی، پێشمه‌رگه داوای له‌هاوپه‌یمانان نه‌كردووه بۆ بۆردومانی داعش بۆیه نه‌یانكردووه.
به‌رپرسی میحوه‌ری ناوه‌ران ئاشكراشیكرد، پێشمه‌رگه هیچ زیانێكی به‌ر نه‌كه‌تووه، به‌ڵام "داعش زیاتر له 25 كه‌سیان كوژراوه‌و ژماره‌ی برینداره‌كانیشیان نه‌زانراوه".
میحوه‌ری باشیك
چه‌كدارانی داعش، له‌سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه به‌شێوه‌یه‌كی پچڕپچڕ هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر میحوه‌ری باشیك-ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ده‌ستپێكردووه‌ته‌وه، به‌ڵام هه‌مویان تێكشكێندراون.
زنجیره چیای باشیك، له‌باشیكه‌وه به‌ره‌و باكور، میحوه‌ری ناوه‌ران‌و پارێزگای دهۆك درێژ ده‌بێته‌وه، كه نزیكه‌ی 10 بۆ 12 كیلۆمه‌تر ده‌بێت.
ته‌واوی ئه‌و چیایه له‌ژێر ده‌ستی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌دایه، كه هه‌ریه‌كه له لیوای 7ی هاوبه‌شی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌و لیوایه‌كی سه‌ر به‌یه‌كه‌ی حه‌فتای یه‌كێتی لێ جێگیركراوه.
ئه‌و زنجیره چیایه ته‌نیا یه‌ك رێگای قیرتاوكراوی هه‌یه بۆ گه‌یشتن به لوتكه‌ی چیایه‌كه، ئه‌ویش ده‌ڕوانێته سه‌ر شارۆچكه‌ی باشیك كه له‌به‌رده‌ست چه‌كدارانی داعشدایه.
به‌وته‌ی فه‌رمانده‌كانی پێشمه‌رگه له‌و سنوره، ماوه‌ی سێ رۆژه داعش ته‌نیا هێرشده‌كاته سه‌ر یه‌ك دوو خاڵی پێشمه‌رگه له‌سه‌ر چیایه‌كه، به‌مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی خۆی بگه‌یه‌نێته سه‌ر چیایه‌كه‌و كۆنتڕۆڵی ئه‌و رێگا سه‌ره‌كیه بكات.
نه‌جم عه‌بدوڵا، جێگری فه‌رمانده‌ی میحوه‌ری باشیك (به‌عشیقه) له‌سنوری پارێزگای نه‌ینه‌وا وتی "ئامانجی داعش له‌گه‌یشتن به‌چیای باشیك، بۆ پاراستنی باشیك‌و مه‌ترسی خستنه سه‌ر ناوچه‌كانی دیكه‌یه، چونكه چیای باشیك یه‌كێكه له‌چیا قایم‌و سه‌خته‌كان كه ته‌نیا یه‌ك رێگای قیرتاوی هه‌یه‌و درێژ ده‌بێته‌وه تا میحوه‌ری ناوه‌ران كه نزیكه‌ی 12كم ده‌بێت".
كاتژمێر 5ی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، داعش به‌سێ هه‌مه‌رو هه‌شت پیكابی دۆشكه له‌سه‌ر هێرشیان بۆ سه‌ر چیای باشیك ده‌ستپێكرد، له‌دووره‌وه‌ش به‌هاوه‌نی 60ملم‌و 81ملم تۆپبارانی خاڵه‌كانی سه‌نگه‌ری پێشمه‌رگه‌یان ده‌كرد له‌سه‌ر چیایه‌كه. به‌وته‌ی جێگری فه‌رمانده‌ی میحوه‌ری باشیك.
نه‌جم عه‌بدوڵا ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، به‌هۆی هێرشی داعشه‌وه له‌سێ رۆژی رابردوودا، دوو پێشمه‌رگه شه‌هید بون‌و دوانی دیكه‌ش بریندار بوون، زیانه‌كانی داعش‌یش 25 كوژراو‌و زیاتر له 40 بریندار بووه.
میحوه‌ری تلسقۆف
له‌ته‌واوی هێرشه‌كانی ئه‌مڕۆیدا بۆ سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه، داعش ته‌نیا توانی بچنه ناو شارۆچكه‌ی تلسقۆفه‌وه كه به‌هێرشێكی به‌رفراوان له‌كاتژمێر 5ی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆدا ده‌ستیپێكرد، به‌ڵام نزیك به‌كاتژمێر چواری دوانیوه‌ڕۆ پێشمه‌رگه به‌ته‌واوی ناوچه‌كه‌ی كۆنتڕۆڵكرده‌وه.
له‌میحوه‌ری تلسقۆف، جگه له‌هێزی ده‌شتی نه‌ینه‌وای پێكهاته‌ی مه‌سیحیه‌كان، فه‌رمانده‌یی سپلیك‌و زێره‌ڤانی‌و چه‌ند هێزێكی دیكه ڵی جێگیركراون.
دوای چونه ناوه‌وه‌ی داعش بۆ ناو تلسقۆف، ئه‌مریكیه‌كان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه كه نه‌چنه ناو شارۆچكه‌كه، تا ئه‌وان به چه‌كی لێزه‌ر له‌داعش ده‌ده‌ن. ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی ئه‌شره‌ف عوسمان به‌گ، له‌فه‌رمانده‌یی سپیلك.
ئه‌شره‌ف وتی "دوای لێدانی داعش به چه‌كی لێزه‌ری، ئینجا پێشمه‌رگه هێرشیكرده‌وه بۆ تلسقۆف".
له‌و هێرشه‌دا بۆ سه‌ر تلسقۆف، داعش به 200 چه‌كدارو چه‌ندان هه‌مه‌رو چه‌كی قورس له‌دۆشكه‌و هاوه‌ن، هه‌روه‌ها چه‌ندین قه‌ناس به‌ده‌ستیان له‌گه‌ڵدا بووه.
له‌شه‌ڕه‌كه‌دا، سه‌ربازێكی خۆبه‌خشی به‌ریتانی‌و سه‌ربازێكی ئه‌مریكیش كه وه‌كو راوێژكاری سه‌ربازی له‌هه‌رێم بووه كوژران، هه‌روه‌ها هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ش ژماره‌یه‌ك قوربانییان هه‌بووه، كه له‌نێو برینداره‌كاندا لیوا خدر حوسێن جێگری فه‌رمانده‌ی سپیلك هه‌بوو.
هه‌ر له‌تلسقۆف، عه‌بدولره‌حمان بله‌یی كه پله‌ی ئه‌فسه‌ره شه‌هید بووه، هاوكات ملازم سه‌نگه‌ر ئامۆكه‌ییش شه‌هید بووه كه دوو هه‌فته پێش ئێستا له‌فه‌یسبوكی تایبه‌تی خۆی نووسیویه‌تی "خودا بمانپارێزت له‌حه‌سودان‌و له‌كه‌سانی خراپ، بۆ خاتری گه‌وره‌یی خۆت بمانپارێزه چونكه مردن نزیكه"، ساڵێك پێش ئێستاش مامێكی به‌ناوی هادی، له‌هه‌مان میحوه‌ردا شه‌هید بووه.
هه‌روه‌ها ئیسماعیل بناوی، یه‌كێكی دیكه‌یه له‌و پێشمه‌رگانه‌ی ئه‌مڕۆ له تسلقۆف شه‌هید بوو، به‌پێی زانیارییه‌كانی خه‌ندان ته‌نیا حه‌وت مانگه ژیانی هاوسه‌رگیری پێكهێناوه‌و دانیشتووی ناحیه‌ی هه‌ریره.
ره‌مه‌زان هه‌رنی، له‌راگه‌یاندنی فه‌رمانده‌یی سپیلك له‌تلسقۆف راگه‌یاند، به‌هۆی شه‌ڕه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌وه چوار پێشمه‌رگه شه‌هید بوون‌و حه‌وتی دیكه‌ش برینداربوون.
ئه‌و له‌تلسقۆفه‌وه قسه‌ی ده‌كرد، وتی چه‌ندین ته‌رمی چه‌كدارانی داعش له‌ناو تلسقۆف به‌جێماون.
فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانی پشتیوانی یه‌ك كه چه‌كی قورسیان پێیه، له‌میحوه‌ره‌كانی ناوه‌ران، تلسقۆف، خازر‌و باشیك پاڵپشتی هێزه‌كانی تری پێشمه‌رگه ده‌كه‌ن.
تلسقۆف، شارۆچكه‌یه‌كی مه‌سیحی نشینی پارێزگای نه‌ینه‌وایه، ده‌كه‌وێته دووری 30 كم له‌باكووری موسڵ له‌نێوان قه‌زای تلكێف‌و ناحیه‌ی قوش، دوو كه‌نیسه‌و چه‌ند مه‌زارێكی دیكه‌ی ئایینی تێدایه.
میحوه‌ری خازر
هاونشێوه‌ی میحوه‌ره‌كانی تر، داعش كاتژمێر 5ی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه هێرشیكرده سه‌ر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له‌خازر، به‌وته‌ی فه‌رمانده‌یه‌كی له‌سنوره‌كه ئتامانجی ئه‌و گروپه گه‌یشتن بووه به‌گێڵگه‌ی نه‌وت‌و شه‌ڕه‌كه‌ش تاوه‌كو كاتژمێر 11ی پێشنوه‌ڕۆی خایاندووه.
میحوه‌ری خازر، سنوری له‌گه‌ڵ داعش 30كم ده‌بێت به‌لای چیای زه‌رتك‌و میحوه‌ری گوێر، دووری نێوان پێشمه‌رگه‌و داعش نزیكه‌ی 5كم ده‌بێت، به‌لاَم ناوچه‌یه‌كی به‌رز‌ونزم‌و پڕ ته‌پۆڵكه‌یه.
لیوا عادل به‌كر ناسراو به(عادله ره‌ش)، فه‌رمانده‌ی سوپای پێنجی زێره‌ڤانی له‌خازر راگه‌یاند، نزیكه‌ی 30 چه‌كداری داعش ده‌بوون كه له‌گونده‌كانی گه‌زنه‌كان‌و چه‌مه‌كۆرو چه‌ند گوندێكی دیكه، هێرشیانكرده سه‌ر میحوه‌ره‌كه.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، چه‌كداره‌كانی داعش له‌و هێرشه‌دا به‌پیاده‌و چه‌كی سووك هاتبوون، ئه‌وه‌ش به‌پشتبه‌ستن به‌و دۆشكانه‌ی له‌گونده‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیانه‌وه ته‌قه‌یان له‌سه‌نگه‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه ده‌كرد، هه‌روه‌ها به‌هاوه‌نیش تۆپبارانی میحوه‌ری خازریان ده‌كرد.
لیوا عادل به‌كر وتی "شه‌ڕه‌كه له‌گه‌ڵ داعش له‌هه‌ندێ شوێن مه‌ودای نێوانمان گه‌یشتبووه سه‌د بۆ دووسه‌د مه‌تر، ئامانجی داعش له‌و هێرشه‌دا گه‌یشتن بوو به‌نه‌وت، به‌ڵام هێزه‌كانی پێشمه‌رگه به‌توندی وه‌ڵامی ئه‌و هێرشه‌یان دایه‌وه".
به‌وته‌ی فه‌رمانده‌كه‌ی زێره‌ڤانی، له‌و شه‌ڕه‌دا ته‌نیا دوو پێشمه‌رگه‌یان به‌سووكی بریندار بوون، به‌ڵام دڵنیانین له‌زیانه‌كانی داعش.
میحوه‌ری گوێڕ‌و مه‌خمور
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌و رۆژانی رابردووش، چه‌كدارانی داعش له‌گوێر به‌تایبه‌ت له‌هه‌ردوو گوندی شیته‌و گامێش ته‌په‌و گوندی كشاف، به‌رۆژ به‌دۆشكه ته‌قه ده‌كه‌ن‌و به‌هاونیش تۆپبارانی سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه ده‌كه‌ن. به‌وته‌ی ئه‌فسه‌ری حه‌ره‌كاتی هێزی تایبه‌تی هه‌ولێر له‌سنوره‌كه.
فه‌رهاد سیاوی راگه‌یاند، داعش له شه‌ودا هیچ جوڵه‌و هێرشێكی نه‌كردووه بۆ سه‌ر میحوه‌ری گوێر، به‌ڵام هاوه‌ن ده‌هاوێژن.
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، له‌وبه‌ر دیجله داعش له‌گوندی برایم خه‌لیل و وه‌رده‌ك ده‌په‌ڕنه‌وه، به‌ڵام تائێستا به‌دۆشكه له‌دووره‌وه ته‌قه له‌پێشمه‌رگه ده‌كه‌ن.
سیاوی وتی "ئامانجیان ئه‌وه‌یه خۆیان بگه‌یه‌ننه سه‌ر رێگای قیرتاوكرا تا له‌وێوه‌و هێرشبكه‌نه سه‌ر میحوه‌ری گوێر، به‌ڵام تائێستا هێزه‌كانی پێشمه‌رگه رێگه‌ی پێنه‌داون هیچ جوڵه‌یه‌ك بكه‌ن‌و بێنه پێشه‌وه".
هاوكات چه‌كدارانی داعش، كاتژمێر 6ی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ، هێرشیكردوه‌ته سه‌ر گوندی مه‌هانه‌و خربه‌ردان، دوای ئه‌وه‌ی له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا سوپای عێراق گوندی مه‌هانه‌ی له‌ده‌ست ئه‌و گروپه رزگار كردبوو.
رائد ته‌حسین سه‌عید، ئامر سریه‌ی فه‌وجی یه‌كی لیوای 91ی فرقه‌ی 15ی سوپای عیراق، به‌خه‌ندانی راگه‌یاند "پێنج خۆكوژی داعش به‌بێ ئۆتۆمبێل هێرشیانكرده سه‌ر گوندی مه‌هانه، دوای ئه‌و خۆكوژانه هێزێكی دیكه‌شیان هه‌بوون تا پاش خۆ ته‌قاندنه‌وه‌ی خۆكوژه‌كان هێرشبكه‌نه سه‌ر گونده‌كه".
وتیشی "هێزه‌كانمان ته‌قه‌یان له‌خۆكوژه‌كان كرد، به‌هۆیه‌وه هه‌ر پێنجیان به‌رله‌وه‌ی بگه‌نه ناو گونده‌كه خۆیان ته‌قانده‌وه، دواتریش كه‌مێك ته‌قه له‌نێوان ئێمه‌و هێزه‌كه‌ی داعش دروست بوو به‌ڵام ئه‌وان پاشه‌كشه‌یان كرد".
