شێخ جەعفەر: بە فەرمانی سەرۆك بارزانی گوندی بەشیرمان رزگار کردەوە

شێخ جەعفەر: بە فەرمانی سەرۆك بارزانی گوندی بەشیرمان رزگار کردەوە
فەرماندەی میحوەری باشووری کەرکووکی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان رای دەگەیەنێ ڕزگارکردنی گوندی بەشیر لەلایەن ھێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە ڕوداوێکی ستراتیجی بووە و ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەکە بە فەرمانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووە، سەرچاوەیەکی سەربازیش پێیوایە بەشیر دەبێتە خاڵی دیاریکردنی سنوورەکانی باشووری کوردستان.



بەپێی سەرچاوەیەکی نزیک لە فەرماندەیی گشتی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە دوو ساڵی ڕابردوو ھەریەک لە ئێران و ئەمریکاییەکان و تەنانەت تورکیاش کۆکبوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە ئەو ناوچەیە لەلایەن پێشمەرگەوە ڕزگار نەکرێت.



سەرچاوەکە روونیشکردەوە کە تورکیا لایەنگری تایبەتمەندیە تورکمانییەکەی و ئێران ڕەھەندە مەزھەبیەکەی ناوچەکەو ئەمریکاش تایبەتمەندی تورکمان وەکو کەمینەیەک لە موزایکی پێکھاتەی عێراق دا لا گرنگ بووە، ھەربۆیەش پێداگری لەوە کردوە کە پێکھاتەیەکی تورکمانی، ناوچەکە لە داعش رزگار بکات، بەڵام لە دەرەنجام دا کە پێشمەرگە ئەو کارەی ئەنجام دا کۆدەنگیەک لە سەر ئەو ئۆپەراسیونە ھەبووە، بەتایبەتی دوای ئەوەی حەشدی شەعبی لە ماوەی ساڵێک لە چەند ھێرشێکدا سەرکەوتوو نەبوو شکستی ھێنا.



بەپێی ئەو سەرچاوەیە بە ڕزگارکردنی بەشیر لەلایەن ھێزی پێشمەرگە و بەو پشتیوانییە بەرچاوەی لە لایەن ھاوپەیمانانەوە، ئەوە ناوچەی حەوزی کەرکوک و پشتێنەی جوگرافی حەمرین دەبێتە سێبەری نەخشە و سنوری داھاتووی کوردستان.



بەپێی ئەو سەرچاوەیە بەشداری ھاوپەیمانان لە ئۆپەراسوێنەکە لە ئاسمانەوە بە فرۆکەی ٥٢ و لەسەر زەمینیش بە ھاوەن و تۆپخانەی سەربازی شان بە شانی پێشمەرگە گۆڕانێکی ستراتیجی مەیدانی و سیاسی گەورە بووە بە تایبەت کە ئۆپەراسیونەکە لە زوترین کات و بە کەمترین قوربانی دانەوە لە لایەن پێشمەرگەوە سەرکەوتوانە ئەنجام درا، ئەوەش متمانەی پێشمەرگەی بۆ ئەمریکییەکان و ھەموو پێکھاتەکانی کەرکووک زیاتر کرد.



ھەر بە پێی زانیاریەکانی ئەو سەرچاوەیە ئەو ململانێ سیاسییەی لە سەر ئاستی ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتی لەسەر کەرکووک و دەوروبەری ھەیە، بە ڕزگارکردنی گوندی بە شیر، لەلایەن ھێزی پێشمەرگەوە، ئەوە بەشێوەیەکی ستراتیجی تای سەرکەوتنی بە لای پێشمەرگە و کورد دا لاسەنگ کردوە و لەمەودوا حەشدی شەعبی ناتوانێ ئەو جموجۆڵە سەربازیەی ھەبێ کە پێشتر لە خورماتوو بە بیانوی کۆنتڕۆڵکردنی بەشیرەوە ھەیبووە.



وەستا رەسوڵ فەرماندەی میحوەری باشووری کەرکووکی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان رای گەیاند: رزگارکردنی گوندی بەشیر بە رووداوێکی ستراتیژانەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان دادەنرێ بۆ داھاتووی پێشمەرگە و ھەرێمی کوردستان کە پێشمەرگە توانی بەماوەیەکی کەم ئەو سەرکەوتنە گەورەیە تۆمار بکات، گووتیشی ”ئەو داستانە گەورەی پێشمەرگە بووە وەرچەرخانێکی گەورە لە شەڕی داعشدا، بەشێوەیەک تا ئێستا لەو سنوورە سەرکەوتنی وا گەورە نەبووە و تۆمار نەکراوە، شوێنی وا ستراتیژی گەورەش لە دەستی داعش دەرنەھێنراوە، چونکە رزگارکردنی بەشیر خاڵێکی گرنگە لە ناوچەکە بۆ رزگارکردنی حەویجە و رەشاد“.



ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە ھێمای بۆ ئەوەش کرد، لە گرتنەوەی بەشیردا پێشمەرگە پرسی بە ھیچ لایەنێک نەکردوە تاوەکو رازی بێت یان نا، بەڵکو ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بیری لەوە کردەوە کە رزگارکردنی بەشیر بۆ ھەرێمی کوردستان گرنگە، گووتی ”یەکەمیان ناوچەیەکی ستراتیژی عەسکەریە و دووەمیان پێشمەرگە بە چاوی ھاووڵاتی و بەزەییەوە سەیری ھەموو پێکھاتەکانی کەرکووک دەکا و بەئی خۆیانی دەزانێ، سێیەمیان پرسێکی مرۆڤایەتی بوو کە ١٧٠٠ خێزان لێرە دەربەدەرەو رزگارکردنی بەشیر دەبێتە ھۆی گەڕانەوەی ئەوانە بۆ سەر ماڵ و حاڵەکانیان“.



لای خۆیەوەش نەجات حسێن ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لەسەر لیستی تورکمانی بۆ (باس) جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بە ھێزێکی پارێزەرو سەرەکی دەزانن بۆ پاراستنی ھەموو پێکھاتەکانی سنووری کەرکووک، گووتیشی ”ئەگەر ھێزی پێشمەرگە نەبووایە نەدەتوانرا بەشیر کۆنتڕۆڵ بکرێتەوە، ئەوە پێشمەرگە و حەشدی تورکمانی بوو کە ئەوانیش خۆیان بە پێشمەرگە دەزانن گوندی بەشیریان رزگار کرد“.



ھێمای بۆ ئەوەش کرد، ئەو کارەی پێشمەرگە کردی بۆ گوندی بەشیر ئەوەی دەرخست کە تورکمان و کورد لە کەرکووک برای راستەقینەی یەکن و بیرکردنەوەیان بۆ داھاتووی ناوچەکە وەکو یەکە، گووتیشی ” تورکمانەکان زۆر خۆشحاڵن بەو ھەنگاوە گەورەیەی پێشمەرگە و متمانەی تەواویان بە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ھەیە و خۆیان بە بەشێک لەو ھێزە دەزانن، ھەر ئەوەشیان لە پێشمەرگە چاوەڕێ کردوە“.



ھاوکات بەرپرسی یەکەی حەفتای ھێزی پێشەرگەی کوردستان شێخ جەعفەرشێخ ستەفا، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبارەی رزگارکردنی گوندی بەشیر رای گەیاندووە "ئازادکردنەوەی گوندی بەشیر، رێگایەکی ستراتیژی بۆ ھێزی پێشمەرگەی کوردستان کردەوە، لە ڕووی جیۆگرافیایشەوە بۆ پێشمەرگە گرینگ بووە، چونکە گەورەترین گوندە لە سنووری پارێزگای کەرکووک، لە ڕووی ئیدارییشەوە سەر بە پارێزگای کەرکووکە کە بۆ سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان ئازادکردنەوی بایەخدارە.



ھێمای بۆ ئەوەش کردوە ھەرەچەندە حەشدی شەعبی ھەوڵی زۆر داوە بۆ ئەوەی لە رێگای ھاوپەیمانانەوە ئەو گوندە ئازاد بکەن، بەڵام ھاوپەیمانان رازی نەبوون و گوتیان، ھیچ ھەماھەنگییەکمان لەگەڵ حەشدی شەعبیدا نییە و ھیچ ھەماھەنگییەکیش ناکەن لەگەڵیاندا بۆ ئازادکردنەوەی ئەو گوندە، تەنیا بە مەرجێک بەشداری دەکەن کە فەرماندەکانی ھێزی پێشمەرگە پلانی ئازادکردنەوەی دابنێن و ئەوان سەرپەرشتی بکەن، دوای گفتوگۆ لەگەڵ ھێزی پێشمەرگەدا، دواتر ھاوپەیمانان بەڵێنیان دا کە ھاوکار بن بۆ ئازادکردنەوەی گوندەکە.



بەرپرسی یەکەی حەفتای ھێزی پێشەرگە ئەوەشی ئاشکرا کردوە کە، سەرجەم ھەنگاوەکانی پێشڕەویی پێشمەرگە، لەسەر فەرمان و بە ئاگاداریی مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بووە و تا ئۆکەی لەسەر بڕیارەکە نەکردووە، ھیچ ھەنگاوێکیان نەھاوییشتووە، ئاگاداری سەرجەم پلانەکەش بووە تا ئەو کاتەی وەکو خۆی جێبەجێ کراوە.



گوتیشی: "(سەرۆک بارزانی) پێی دەگوتین ئاگاتان لە خۆتان بێت و زانیاریی دەدایە فەرماندەکانی پێشمەرگە تا وریای خۆیان بن، چونکە مینی چێنراو لەو شوێنانەدا ھەبوو،‌ ‌لەگەڵ ئەوەیشدا دەستخۆشی بۆ پێشمەرگە و ھیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان دەخواست و سەرەخۆشی لە خانەوادەی شەھیدان کرد".







باسنیوز
Top