مه‌حمود عوسمان: پێویستە كورد بەپەلە ناوماڵى خۆى رێک بخاتەوە بۆئەوەى سود وەربگرێت بۆهەرئەگەرێك كه‌ رووده‌دات

مه‌حمود عوسمان: پێویستە كورد بەپەلە ناوماڵى خۆى رێک بخاتەوە بۆئەوەى سود وەربگرێت بۆهەرئەگەرێك كه‌ رووده‌دات
سیاسه‌تمه‌داری كورد د.مه‌حمود عوسمان له‌ فه‌یسبووك نوسیویه‌تی: ڕووداوەکانى ئەم دواییەى بەغدا کەبەلەتبونى پەرلەمان و هەڵکوتاننە سەرئەم دەزگایە بەشێوەیەکى زۆر ناڕەوا وە سەرنەکەوتنى عەبادى لەهیچ گۆرانکاریەکى بەسودى وەزارەتەکەى و یان لەچاکسازى و بەرەنگاربونى گەندەڵى...هتد ، دەریانخست کەچۆنیەتى بەرێوەچونى سیستەمى دەسەڵاتدارى عێراق و بەرێوەبردنى ووڵاتەکە پێویستیان بە پێداچونەوەى بنەرەتى هەیە.

هه‌روه‌ها نوسیویه‌تی: كۆبونەوەکانى 3سەرۆکایەتیەکانیش لەگەڵ کوتلەکان کەچەندین جار ئەنجامدراون بێسود و ئەنجام بوون وە هەرواش ئەبن، ئەم ڕەوشە زەرەرێکى زۆریش لەعێراق ئەدات لەسەرئاستى پەیوەندیەکانى لەدەرەوە و کۆمەک بۆشەرى داعش و قەرزى نێونەتەوەیى... هتد.

ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ كه‌ ئه‌م سیستەمە بەرەو شکستخوارد بوون ئەچێت، بۆچارەسەر رێگاى ڕاست ئەوەیە کەهێزە سیاسى و پێکهاتەکانى عێراق و نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەو دەوڵەتانەى پەیوەندیدارن بەرەوشى عێراقەوە لێکۆڵینەوەى وورد بکەن لەچۆنیەتى پێکهێنانەوەى ئەم دەوڵەتە و دەزگا سەرەکیەکانى پاش 2003 بەلەبەرچاوگرتنى ماف و بیروراى گەلانى عێراق و پێکهاتەکانى بێ دواکەوتن.

هه‌روه‌ها ده‌لێ لایەنى کوردستانیش زۆر پێویستە بەپەلە ناوماڵى خۆى رێک بخاتەوە و یەکگرتوو یەک هەڵوێست بێت بۆئەوەى سودى پێویست وەربگرێت بۆهەرئەگەر و گۆرانکاریەک کەلەعێراقدا یان لەتەواوى ناوچەکە رووبدات ، چەند پەلەش بکرێت لەمکارە باشترە.
Top