لە دوو رووداوی هاتووچۆدا پێنج کەس گیان لەدەست دەدەن

 لە دوو رووداوی هاتووچۆدا پێنج کەس گیان لەدەست دەدەن
لە دوو رووداوی هاتووچۆدا لە رێگای نێوان بەردەڕەش- دهۆک پێنج کەس گیان لەدەست دەدەن و پێنجی دیکەش بە سەختی بریندار دەبن.

ئێوارەی رۆژی دووشەممە 2-5-2016 لە رێگای نێوان بەردەڕەش-دهۆک دوو رووداوی هاتووچۆ کە یەکێکیان کاژێر 5ی ئێوارە روویداوە و ئەوەی دیکەیان کاژێر 7 ی ئێوارە روویداوە، بەهۆیەوە پێنج کەس گیان لە دەست دەدەن و پێنجی دیکەش بە سەختی بریندار دەبن.

رائیدی مافپەروەر ئازاد تەها، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی و راگەیاندنی هاتووچۆی پارێزگای دهۆک بە (تۆڕی میدیایی رووداو) -ی راگەیاند: " لە رێگای نێوان بەردەڕەش- دهۆک کە بە رێگای مەرگ و مردن ناسراوە، لەماوەی دوو کاژێردا و لە یەک رێگا پێنج کەس گیان لەدەست دەدەن و پێنج کەسی دیکەش بریندار دەبن".

بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی و راگەیاندنی هاتووچۆی دهۆک گوتیشی: "لە رووداوی یەکەمدا ئۆتۆمبێلێکی جۆری (ئۆپڵ) تایبەت، بووە لە ئەنجامی وەرگەڕانی دوو کەس دەبنە قوربانی و سێ کەسی دیکەش بریندار دەبن، رووداوی دووەمیش کە ئۆتۆمبێلێکی جۆری ( هیوندای)بووە ، لە ئەنجامی تیژڕەوییەکی زۆر وەرگەڕاوە و سێ کەس گیان لەدەست دەدەن و دوو کەسی دیکەش بریندار دەبن".

رائیدی مافپەروەر ئازاد تەها هۆکاری رووداوەکەی بۆ چەند هۆکارێک گەڕاندەوە و گوتی "بەهۆی تیژڕەوییەکی زۆری شۆفێران و نەبوونی رێگاو بانێکی باش لەو سنوورە و هەروەها بوونی ئۆتۆمبێلێکی زۆری بارهەڵگر، رۆژانە لەو رێگایە رووداوی نەخوازراوی لێدەکەوێتەوە و خەڵکی گیان لەدەست دەدەن".
Top