بەنداوی دەربەندیخان پڕبووەوە
ساڵی 1996 بەنداوی دەربەندیخان (دەكەوێتە دووری 68 كم باشووری پارێزگای سلێمانی) رێژەیەكی ئاوی پێوانەیی تۆمار كرد كە بەنداوەكە بەتەواوی پڕ بووە لە ئاو، دوای 20 ساڵ ئەمساڵیش بەنداوەكە جارێكی تر ئەو ڕێژە ئاوەی بەخۆیەوە دیت و ئەمەش دەگەڕێنرێتەوە بۆ بارینی بارانی زۆر لەمساڵدا.
لێپرسراوی بەشی هایدرۆلۆجی و كارپێكردن لە بەڕێوەبەرایەتی بەنداوی دەربەندیخان حوسێن ساڵح گوتی "ئاستی ئاوی دەربەندیخان ئێستە 485م لە ئاستی ئاوی دەریاوە بەرزە، ئەمەش وای كردووە سەرڕێژ بكات بەسەر دەرگاكانی زیاد ئاودا، ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان ئەمساڵ بە بەراورد لەگەڵ پارساڵدا 13 مەتر زیاترە، ئەمەش دڵخۆشكەرە بۆ ئەمساڵ".
ئەمساڵ رێژەی بارانبارین لەو ناوچانەی كاریگەرییان هەیە لەسەر بەنداوی دەربەندیخان زیاتر بوو لە پارساڵ، لێپرسراوی بەشی هایدرۆلۆجی و كارپێكردن لە بەڕێوەبەرایەتی بەنداوی دەربەندیخان لەبارەی زیادبوونی ئاوی بەنداوەكەوە رایگەیاند بەهۆی ئەو تەوژمە بارانبارینەوە بووە كە ئەمساڵ باریوە و رێژەی بارانبارین گەیشتووەتە 909 ملم.
زیادبوونی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان بەدەر لە سوودی بۆ كشتوكاڵ و سامانی ماسی كاریگەری لەسەر زیادبوونی كارەباش بۆ بەشێكی زۆری هەرێمی كوردستان هەیە، حوسێن ساڵح لەوبارەیەوە گوتی "زیادبوونی ئاوی بەنداوەكە هاندەرێكی باش بووە بۆ ئەوەی ئەمساڵ رێژەیەكی زیاتر كارەبا بەرهەم بهێنرێت لە وێستگەی كارۆئاوی دەربەندیخان، نزیكەی مانگێكە بەردەوام رۆژانە 250 مێگا كارەبا بەرهەم دەهێنێت".
لەبارەی رێژەی زیادبوونی ئاوی بەنداوی دەربەندیخانەوە حوسێن ساڵح ئەوەشی گوت "ئەمڕۆ ئاستی ئاو لە بەنداوەكە 450.05 مەترە، ئەم رێژەیەش لە ساڵی 1996 واتە 20 ساڵ پێش ئێستا تۆمار كراوە، بەمەش مژدە دەدەین كە بەرهەمهێنانی كارەبا زیاد دەبێت و دەتوانین ئاو پاشەكەوت بكەین بۆ ساڵێكی دیكەش".
