هەولێر و ئانكارا داكۆكی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانیان دەكەنەوە

 هەولێر و ئانكارا داكۆكی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانیان دەكەنەوە
(نێچیرڤان بارزانی)، لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ وەزیری پەرەپێدانی كۆماری توركیا، ڕایگەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەوڵەكانی توركیا بۆ پتەوتركردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان لە بوارە جیاجیاكاندا بە تایبەتیش بۆ تێپەڕاندنی ئەو بارودۆخە سەختەی هەرێمی كوردستان لە ڕووی داراییەوە پێیدا تێپەڕ دەبێت، بەرز دەنرخێنێت.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 28 - 4 - 2016 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە (جەودەت یەڵماز) وەزیری پەرەپێدانی كۆماری توركیا و شاندێكی یاوەری كرد كە لە جێگری وەزیر و ڕاوێژكار و پسپۆڕانی وەزارەتە جیاجیاكانی حكوومەتی توركیا پێك هاتبوو.

لە كۆبوونەوەیەكدا سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی ئەو شاندە فراوانەی توركیا بۆ هەرێمی كوردستان و دیدارە ئەرێنییەكانیان لەگەڵ جێگری سەرۆكوەزیران و بەرپرسانی دیكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەربڕی. ئاماژەی بەوەیش دا كە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵەكانی توركیا بۆ پتەوتركردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان لە بوارە جیاجیاكاندا بە تایبەتیش بۆ تێپەڕاندنی ئەو بارودۆخە سەختەی هەرێمی كوردستان لە ڕووی داراییەوە پێیدا تێپەڕ دەبێت، بەرز دەنرخێنێت.

هەروەها هیوای خواست چەند بنەمایەكی پتەو لە نێوان هەولێر و ئانكارادا بۆ ئێستا و داهاتووی پتەوتركردنی پەیوەندییەكان هەبێت، بە تایبەتی گەشەپێدانی ئابووریی هەرێمی كوردستان لە كاتێكدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێداچوونەوە بە سیستمی ئابووریی خۆی و داڕشتنی ستراتیژیەتێكی نوێ دەكاتەوە و دەستی بە جێبەجێكردنی پلانی چاكسازی كردووە، لەم بارەیەیشەوە دەكرێت سوود لە ئەزموونی توركیا وەربگیرێت و زەمینە خۆش بكرێت بۆ هاندانی زیاتری كۆمپانیا و سەرمایەدارانی توركیا كە وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان بكەن.

خۆشحاڵیی خۆیشی بە بڕیاری (ئەحمەد داوود ئۆغڵو) سەرۆكوەزیرانی توركیا بە ناردنی ئەو شاندە باڵایە بۆ هەرێمی كوردستان نیشان دا تا گفتوگۆ لە بوارە جیاجیاكانی وەك كشتوكاڵ و گەشتوگوزار و دۆخی ئابووریی و دارایی و پەرەپێدانی هەرێمی كوردستان بكەن.

لای خۆیەوە، سەرۆكی شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و سڵاو و ڕێزی (ئەحمەد داوود ئۆغڵو)ـی سەرۆكوەزیرانی توركیای گەیاندە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان. هەروەها دەستخۆشیی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە وێڕای ئەو هەموو قەیرانەی ڕووبەڕووی بووەتەوە، مەترسیی تیرۆرستانی داعشی لەسەر هەرێمی كوردستان دوور خستەوە و باوەشی بۆ ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەران كردەوە و جێگەی حەوانەوە و خزمەتگوزاریی پێویستی بۆ دابینكردن.

جەختیشی لەوە كردەوە كە، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی توركیا ئامادەن بۆ هەر هاوكارییەك كە پێشكەشی هەرێمی كوردستانی بكەن و، ئاشكرای كرد كە نوێنەرایەتیی وەزارەتە جیاوازەكانی توركیا لەگەڵ شاندەكەیاندا سەلمێنەری ئەوەیە كە توركیا بایەخ بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەدات و ئاساییش و خۆشگوزەرانیی خەڵكی كوردستان، بە ئاسایش و خۆشگوزەرانیی خۆی دەزانێت.

دووپاتیشی كردەوە، دەكرێت ئەو ڕێككەوتنەی لە نێوان وەزارەتی پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی پەرەپێدانی توركیادا واژۆ كراوە، فراوانتر بكرێت و هەموو لایەنەكان بگرێتەوە. هەروەها هیوای خواست كە كێشەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی عێراق چارە بكرێن و لە پەیوەندییە باشەكانیان لەگەڵ توركیا بەردەوام بن، ئامادەییی خۆیشیان دەربڕی كە بەپێی ئەو ئەزموونەی هەیانە لە بوارە جیاجیاكاندا، یارمەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بدەن.
Top