نێچیرڤان بارزانی: دانی قەرز بە هەرێمی کوردستان، مانایەکی گرینگی هەیە.. دەمانەوێت سیاسەتی گەشەپێدانی کەرتی تایبەت پەیڕەو بکەین
دەقی گوتاری (نێچیرڤان بارزانی)
ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەی بەڕێز، من و کاک قوباد بەشداری لە رێوڕەسم و رووداوێکی گرنگ بۆ هەرێمی کوردستان دەکەین، کە ئەویش واژۆکردنی گرێبەستێکی نیوان ئەندامێکی گرنگی گرووپی بانکی نێودەوڵەتی و کۆمپانیایەکی دیاری کەرتی تایبەتە لە هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ دامەزراوەی تەمویلی نێودەوڵەتی IFC، کە ئەندامێکی دیار و کارای گرووپی بانکی نێودەوڵەتییە، بە بڕی 375 ملیۆن دۆلار پرۆژەی فراوانکردنی وێستگەی کارەبای سلێمانی تەمویل دەکات، کە لەلایەن کۆمپانیای کەرتی تایبەتی ماس گلۆبال-ـەوە ئەنجام دەدرێت و 500 مێگاوات لە وێستگەی کارەبای سلێمانی زیاد دەکات، بەم شێوەیەش توانای بەرهەمهێنانی دەبێتە 1500 مێگاوات.
ئەم بڕە پارەیە هەندێکی بە قەرز دەدرێتە ئەو کۆمپانیایە و هەندێکی دیکەش وەک هاوبەشی IFC یە، کە دەبێتە پارتنەرێکی ئەو پرۆژەیە، هەروەها بانکی عەودەش هاوبەشی ئەو پرۆژەیە دەکات و بە دابینکردنی بڕێکی پارە دەبێتە یەکێک لە پارتنەرەکانی ئەو پرۆژەیە.
پێدانی قەرز لەلایەن دامەزراوەیێکی گرنگ و دیاری نێودەوڵەتی وەک IFC، بە کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت لە دۆخی گشتی و بەتایبەتی دۆخی دارایی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پڕکردنەوەی پێویستییەکی گرنگی کەرتی کارەبا لە شاری سلێمانی، جیا لەوەی هاندان و گەڕانەوەی متمانەیە بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، هەروەها کاتێک دامەزراوەیێکی نێودەوڵەتی لەو ئاستە بەرزەدا قەرز دەداتە کەرتی تایبەتی ناوخۆ و دەبێتە هاوبەش لە پرۆژەکان، لەڕووی سیاسی و مەعنەویشەوە پشتگیرییەکی گەورەو مانایەکی گرنگی هەیە بۆ ئەمڕۆ و داهاتووی هەرێمی کوردستان.
وێڕای ئەمە ئەو هەنگاوەی IFC نیشانەی متمانەکردنی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانە بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە ئەمەش مایەی خۆشحاڵی و شانازی خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، هەروەها ئەو راستییەش دەردەخات کە سیاسەتی پشتگیریکردن و ئاسانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەرتی تایبەتی ناوخۆیی و بیانی بۆ وەبەرهێنان لە کوردستان تێگەیشتنێکی ژیرانەو دیدگایەکی دووری ستراتیژی و سیاسەتێکی گرینگ و سەرکەوتووی بەرهەمدار بووە لە هەرێمی کوردستاندا.
لە هەرێمی کوردستان ماوەیەکی درێژە دەستمان کردووە بە چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا، بەڵام بەهۆی بەردەوامی زیادبوونی خواست لەسەر وزەی کارەبا، کە ئەمەش لە هەموو کۆمەڵگایەکی گەشەکردوودا شتێکی ئاساییە، هێشتا کێشەی کەمیی کارەبامان هەیە، کەمی وزەی کارەبا بەتەنیا کاریگەری لەسەر گوزەرانی هاووڵاتیانمان نییە، بەڵکو بەرهەمی کاریش سست دەکات، ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئابووری و رێژەی کار دروست دەکات، بۆیە ئەو بڕە پارەیە لەلایەک یارمەتی زیادکردنی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا دەدات، لەلایەکی دیکەشەوە بڕە پارەیەکی گونجاو هەرێمی کوردستان دابین دەکات، لەڕووی وەبەرهێنانەوە.
بەڕێزان ئێمە لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبین لەسەر پڕکردنەوەی کەموکوڕییەکانی وزەی کارەباو بۆ ئەو مەبەستەش ستراتیژی حکومەت ئەوەیە، کە لەسەر چارەسەرکردنی کێشە و کەموکوڕییەکانی ئەم کەرتەدا بە رێژەیەکی زۆر و تا ئەو شوێنەی دەکرێت، پشت بە کەرتی تایبەت ببەستێت، بۆیە وەک هەمیشە هەموو ئاسانکارییەک پێشەکەش دەکات بۆ کەرتی تایبەت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەک هەر بە تەنیا لە کەرتی کارەبادا، بەڵکو دەیەوێت لە هەموو کەرتەکانی خزمەتگوزاری گشتیدا، پشت بە کەرتی تایبەت ببەستێت و رۆڵێکی زیاتری پێبدات، بۆ ئەوەی وەک لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا هەیە، کەرتی تایبەت بتوانێت زۆرترین رێژەی خزمەتگوزارییەکان بگرێتە ئەستۆی خۆی.
لە رابردوودا زۆر بە باشی گرینگی کەرتی تایبەتمان زانیوە و بەهەموو شێوەیەک پشتگیریمان کردووە، ئێستاش بەمشێوەیە دەمانەوێت سیاسەتی گەشەپێدانی کەرتی تایبەت پەیڕەو بکەین، ئەم هەنگاوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە چوارچێوەی بەرنامەی چاکسازی و بۆ ئەو مەبەستەش زیاتر لە 30 بڕیاری دەرکردووە، کە یەکێکیان بڕیاری ژمارە 69ـیە، بەپێی ئەو بڕیارە هەموو دامەزراوە و دەزگاکانی حکوومەت هەوڵ دەدەن، ئەوەی لە توانایاندا بێت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە کەرتی گشتییەوە بگوازرێتەوە بۆ کەرتی تایبەت و تەنیا ئەو خزمەتگوزارییە لەدەستیدا بمێنێتەوە، کە ناکرێت لە دەستی حکوومەتدا نەبن.
KDP
