"پەیەدە خەڵك دژی باشووری كوردستان و ئەنەكەسە هان دەدات"
(جەدعان عەلی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بەداخەوە هەر ڕووداوێك لە ناوچە كوردییەكاندا دروست دەبێت، پەیەدە رێگە نادات ئێمە سوودی لێ ببینین و وای لێدەكات زیانی بۆ كورد هەبێت، ئەمە لە كاتێكدایە پێویستە ئەم ڕووداوانە ببنە هۆی ئەوەی كورد یەكڕیز بن، بۆ نموونە ئەو ڕووداوانەی لە قامشلۆ دروست بوون، رێككەوتنیان لەگەڵ رژێم كردووە لە كاتێكدا كورد خوێنی رژاوە و ئەو رێككەوتنەیش تەنیا پەیەدە رایگەیاندووە و رژێم باسی نەكردووە".
(عەلی) گوتیشی: "لە دوای ڕووداوەكانی قامشلۆ، پەیەدە هەستاون بە داخستنی دوو بارەگای حیزبەكانی ناو ئەنجوومەنی نیشتمانی و لە گركێلەك و لەتلتەمەر بارەگای ئەنجوومەنی نیشتیمانییان سووتاندووە، جگە لەوەیش خەڵك دژی باشووری كوردستان و ئەنەكەسە هان دەدەن كە دوژمنی ئێمەن و لافیتەیان دژی هەرێم و ئەنەكەسە هەڵواسیوە".
دەشڵێت: "ئەوان بەردەوام بوختان بۆ هەرێمی كوردستان دروست دەكەن، چونكە هەرێم ئامادەیی خۆی بۆ پێشوازیكردن لە بریندارانی قامشلۆ راگەیاندووە، ئەوان هاتوونە سەر سنوور لە دەروازەی سێماڵكا و دەستیان بە خۆپیشاندان كردووە كە هەرێم رێگە بە دەربازبوونی برینداران نادات، لە كاتێكدا خۆیان رێگری لە هاتنی برینداران دەكەن".
ڕوونیشی كردەوە، رژێم، رێككەوتنەكانی لەگەڵ پەیەدە بۆ بەرژوەندیی خۆیەتی، چونكە ئەو رێككەوتنانە تەنها زارەكین و هیچی بەنوسین و بە بەڵگەوە نییە، بۆیە تەنها بۆخۆیان بەكاریان دەهێنن، لەبەر ئەوەیش ماوەی دوو ساڵە دەستەڵاتیان پێ داون".
باسی لەوەیش كرد، لە دوێنێوە پەیەدە هەڵمەتێكی دەست پێكردووە و گەنجانی كورد دەستگیر دەكەن و بۆ سەربازی ناچاری دەیانبەن، جگە لەوانە ئەو خەڵكەیش دەگرن كە بە هۆی ڕووداوەكانی قامشلۆوە رایان كردبوو و ئێستایش بۆ ماڵەكانیان دەگەڕێنەوە.
