حەشدی شەعبی داوای گۆڕینی قائیمقامی خورماتوو دەكات
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ نوێنەرانی كوردو حەشدی شەعبی لەفڕۆكەخانەی خورماتوو كۆبونەوە، سەرچاوەیەك لەناو كۆبوونەوەكە كە نەیوست ناوی ئاشكرابكرێت ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەی ئاشكراكردو وتی: "لە كۆبونەوەكەدا بڕیار لەسەر چەند بابەتێك دراوە و لە ئێستاشدا كاردەكرێت بۆ جێبەجێكردنی".
ئەو سەرچاوەیە رایگەیاند، كە لایەنی كوردی داوای ئەوەی كردووە بەڕێوەبەری پۆلیسی خورماتوو بگۆڕدرێت، چونكە پێشتر چۆتە ناو ریزی حەشدی شەعبی و بەرانبەر بە پێشمەرگە شەڕی كردووە، حەشدی شەعبیش داوایكردووە شەلال عەبدول، قائیمقامی خورماتوو بگۆڕدرێت.
هەر لەو كۆبونەوەیەدا هەردولا رێككەوتوون لەسەر ئەوەی هێزی پێشمەرگەو حەشدی شەعبی لە خورماتوو بچنە دەرەوە و لیوایەكی پێشمەرگە و لیوایەكی حەشدی شەعبی بهێنرێنە خورماتوو، بەمەرجێك پێشتر بەشداری شەڕ و ئاڵۆزییەكانی خورماتوویان نەكردبێت.
لەكۆبونەوەكەدا كورد داوای كردووە رێژەی خۆی پێبدرێت لە پۆلیسی خورماتوو، بۆ جێبەجێكردنی ئەم خاڵەش لە ئایندەدا چەند ئەفسەر و پۆلیسێك لە پشكی كورد لە پۆلیسی خورماتوو دادەمەزرێنرێن.
عەدنانی حەمەی مینا، فەرماندەی باڵای هێزی پێشمەرگەی كوردستان و بەشداربووی كۆبوونەوەكە راگەیاند: "لەئێستاوە كاردەكەین بۆ ئەوەی خاڵەكانی ناو كۆبونەوەكە جێبەجێبكرێت".
سەبارەت بە كشانەوەی هێزی پێشمەرگە لە خورماتوو ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد كە ئەوان كار بۆ ئەوەدەكەن ئەو خاڵەی ناو كۆبونەوەكە بە زوترین كات جێبەجێبكەن.
بەپێی زانیارییەكانی خەندان لە كۆبوونەوەكەدا چەند ناوێك هێنراوە كە بۆلەمەودووا نابێت لە شاری خورماتوو بمێنن و چی دیكەش نابێت بهێڵرێت بێنەوە خورماتووە.
لەو بارەیەوە ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئاشكرایكرد كە هەركەسێك پێویست بكات نەیەتە خوورماتوو دەبێت نەیەت" تەنانەت ئەگەر خۆشم بم".
شەوی شەممە لەسەر یەكشەممەی رابردوو شەڕ لەنێوان هێزی پێشمەرگەو حەشدی شەعبیدا هەڵگیرساو تا دوێنیش ناو بەناو هەر درێژەی هەبوو و بەهۆیەوە ژمارەیەك فەرماندەو پێشمەرگەو چەكداری خۆبەخش شەهیدبوونو ژمارەیەكیش چەكداری حەشدی شەعبی كوژران.
یەكشەممەی رابردووش نوێنەرانی كوردو حەشدی شەعبی لەگوندی خدر وەلی سەر بەقەزای خورماتوو كۆبوونەوەو رێكەوتنێكی سەرەتاییان كرد كە ناوەڕۆكەكەی بریتی بوو لەڕاگرتنی شەڕ، بەڵام پاش كەمتر لە 24 كاتژمێر شەڕ لەنێوان هەردوولادا بەرپابووەوە. دوێنێ تەنها یەك جار ئاگربڕی نێوان هەردوولا پێشێكراو ئەمڕۆش دۆخی خورماتوو ئارامە.
