پێشمەرگە و حەشدی شەعبی رێککەوتن لەسەر کشاندنەوەی هێزەکان لە خورماتوو
(عەدنان حەمەی مینا) ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانى لەگەڵ (نەجمەدین کەریم) پارێزگاری کەرکووک و (هادی عامری) فەرماندەی هێزەکانی حەشدی شەعبی سەبارەت بە کۆبوونەوەکەیان گوتی: "ئومێدمانوایە گەیشتبینە چارەسەرێکی کۆتایی، هۆکاری کێشەکانمان دیاری کرد، بڕیاردرا هەرچی هێز هەیە لەنێو خورماتوو بکشێتەوە و ئەمنیەت و ئاسایش بدرێتە دەست پۆلیس و ئاسایشی شارەکە، تا ئەوکاتەی پۆلیس نیسابی تەواو دەبێت و ئامادە دەکرێن، هێزێکی هاوبەش لە هەردوولامان دروست بکرێت و لە دەرەوەی خورماتوو بهێندرێن بۆ ئەوەی بتوانین بەسەر کێشەکان زاڵ بین".
(حەمەی مینا) گوتی: "ئێمە ئامانجمان یەکە هەموومان دەمانەوێت خەڵکی خورماتوو بە ئاشتی و بە ئارامی بژیت، ئەو هۆکارانەی دەبنە مایەی دروستبوونی ئەو کێشانە ئومێد بەخوا لە داهاتوو نامێنێت".
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی گوتیشی: "داواشمان لە خەڵکی شارەکە ئەوەیە ئەوانیش هاوکار بن، چونکە ئەمە پەیوەندی بە خۆیان و ماڵ و منداڵ و خانەوادەکەیانەوە هەیە و نەکەونە ژێر کاریگەری کێشەکان، ئەگەر کێشەش دروستبێت نەهێڵین گەورەبێت، بۆ ئەوەی بتوانین دۆخی خورماتوو، بگەڕێنینەوە دۆخی خۆی، کە ساڵەهای ساڵە خەڵکی ئەو شارە پێکەوە دەژین، لەجیاتی رق و کینە برایەتی و خۆشەویستی بونیاد بنێینەوە، ئومێدیشمانوایە کە ئەمە زوو جێبەجێبکرێت".
