كارەبای هەولێر دەگەیەنرێتە سلێمانی و دهۆك.. بەشێك لە كێشەی كارەبای ناوچەی مێرگەسوور چارە كرا

 كارەبای هەولێر دەگەیەنرێتە سلێمانی و دهۆك.. بەشێك لە كێشەی كارەبای ناوچەی مێرگەسوور چارە كرا
(هیڤا میرخان) ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، لە ڕێگەی وێستگەی 132 kv رێزان، توانرا كێشەی كەمیی ڤۆڵتییەی كارەبای ناوچەی مێرگەسوور چارەسەر بكرێت و، وێستگەیەكیش بۆ گوازتنەوەی كارەبای هەولێر، بۆ شارەكانی سلێمانی و دهۆك، درووست دەكرێت.

ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی پارتی، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دوێنێ سێشەممە ڕێكەوتی (26/4/2016) دوای هەوڵ و بەدواداچوونێكی بەردەوام بۆ چارەكردنی گرفتی كارەبای ناوچەی مێرگەسوور، بە هەماهەنگی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ گرووپی كۆمپانیاكانی كار، لە ڕێگەی وێستگەی 132 kv ڕێزانەوە، توانرا كێشەی كەمی ڤۆڵتییەی كارەبای ئەو ناوچەیە چارە بكرێت، هەروەها توانرا زەوییەكی پێویستیش دەستینشان بكرێت، بۆ وێستگەی گۆڕینی 400 kv هەریر، كە توانای گوازتنەوەی (1000) مێگاوات كارەبای هەیە، بۆ ناوچەكانی سۆران و چۆمان و سیدەكان و بارزان و ڕەواندز.

ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی پارتی، سووربوونی خۆی لەسەر جێبەجێكردنی ئەو پرۆژەیە، گەڕاندەوە بۆ ئەو بەڵێنانەی كە لە كاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ساڵی (2013) بە خەڵكی ئەو ناوچەیەی دابوو، ئەو گوتی:"یەكێك لەو بەڵێنانەی كە لە كاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا بە خەڵكی ناوچەی بارزانم دا، ئەوەبوو كە كار بۆ باشتركردنی كارەبا و زیاتر كردنی خزمەتگوزاری لەو ناوچەیە بكەم، چونكە ئەو ناوچەیە خراپترین كارەبایان هەیە و ڤۆڵتی كارەباكەیان كەمە".

(هیڤا) ئاماژەیشی دا، دوای بەدواداچوونی پرۆژەكە، بۆیان دەركەوتووە كە گوژمەی تێچووی تەواوی پرۆژەكە، دەگاتە بڕی (10) ملیۆن دۆلار، بەڵام بەهۆی تەواونەكردنی پرۆژەكەوە، بۆ گەیاندنی تاوەرەكان لە قەزای سۆرانەوە بۆ وێستگەی ڕێزان، بڕی (3) ملیۆن دۆلاری مابوو، ئەو بڕە پارەیەش گرووپی كۆمپانیاكانی كار لە ئەستۆی گرتووە، "بەو هۆیەوە توانرا تاوەرەكان لە سۆران بۆ مێرەگەسوور دابنرێن و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی كارەبا، ئەو بڕە كارەبایە زیاد بكرێت و لە قەزای سۆرانەوە بگەیەنرێتە وێستگەی رێزان".

هەر لەو لێدوانە ڕۆژنامەوانییەدا زانیاریی دا کە، لە هەمان ڕۆژدا توانرا شوێنێك دەستنیشان بكرێت، بۆ دانانی وێستگەیەكی تایبەتی كارەبا، كە توانای هەیە بەشێكی زۆری كارەبای بەرهەمهاتووی شاری هەولێر، كە بریتییە لە (1000) میگاوات بگەیەنێتە شارەكانی سلێمانی و دهۆك، گوتیشی: "پرۆژەكە ماوەیەكی زۆر بوو بڕیاری لەسەر درابوو و بەهۆی هەندێك كێشەی تەكنیكییەوە دوا كەوتبوو، بەڵام بەهۆی بەدواداچوونێكم و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی كارەبا، توانیمان دووبارە پرۆژەكە بەگەر بخەینەوە، پرۆژەكە پرۆژەیەكی گەورەیە و گوژمەی تێچوونەكەی، تا تەواو دەبێت، دەگاتە (150) ملیۆن دۆلار".







KDP
Top