شاندێكی ئێران دهگاته كهركووك
بەپێی سەرچاوەیەک: وا بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، لە بارەگای پارێزگای کەرکووک کۆبوونەوەیەکی فراوان لەنێوان نوێنەرانی کورد و شیعە بە ئامادەبوونی شاندێکی ئێرانی کە ماوەی دوو رۆژە تایبەت بە دۆخی خوورماتوو ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێ.
بەپێی زانیاریەکانی سەرچاوەکە: لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی خوورماتوو، پارتی و یەکێتی لە سەر ئاستی باڵا لە پەیوەندیکردندان و ھەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە تا کۆبوونەوەکەی پارێزگای کەرکووک بە شێوازێک بێت کە سنوورێک بۆ حەشدی شەعبی دابنێت.
سەرچاوەکە ئەوەشی خستە ڕوو ئاڵۆزبوونی ئەمجارەی کێشەکان بەھۆی ئامادەسازییەکانی ھێزی پێشمەرگە و ھاوپەیمانان بووە بۆ ڕزگارکردنی ناوچەکانی ژێردەستی داعش و لە بەرامبەریشدا حەشدی شەعبی ئەوەی کردووەتە بیانوو و ھێزێکی زۆری بە چەک و جبەخانەوە ھێناوەتە دەوروبەری کەرکووک.
بە گوتەی سەرچاوەکە، ئەو جوڵانەی حەشدی شەعبی بە بڕیار و ئاگاداریی حکوومەتی عێراقی بووە و ڕەنگە فشارێکیش بێت لەسەر کورد تا قبوڵی بکات سوپای عێراقی بۆ کەرکووک بگەڕێتەوە.
سەرچاوەکە ھێمای بۆ ئەوەش کرد، ڕووداوەکانی ئەمجارەی خورماتوو کە گەلی کوردستانی بەگشتی توڕە کردووە، رای گشتی وای لێک دەداتەوە کە پەت شلکردن بۆ حەشدی شەعبی لەمەوبەر بووەتە ھۆکاری ئەوەی باردۆخەکە بەم حاڵە بگات.
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، ئێستا فەرماندە باڵاکانی ناوچەکە کە بەشێکیان ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانن، سوورن لەسەر ئەوەی کە دەبێت حەشدی شەعدی لەو ناوچانە نەمێنێ، بەڵام ئەو پرسەش پەیوەندیی بەھەندێ کێشەی ناوخۆیی یەکێتییەوە ھەیە، لەبەر ئەو ھۆکارانەش دوو ڕۆژە شاندێکی ئێران لە کەرکووک و ناوچەکەیە و لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی یەکێتیشدا کۆبوونەی ھەبووە.
سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بڕیارە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ سێشەممە یەکلاکەرەوە بێت و خاڵی سەرەکیی داوای کورد ئەوە دەبێت کە جگە لەو تورکمانانەی کە خەڵکی ناوچەکەن رێگایان پێ بدرێ کە چەکدار بن و ھێزی خۆیان ھەبێت، بەڵام رێگا بە ھیچ پێکھاتەیەکی تری حەشدی شەعبی نادرێ لە ناوچەکەدا ھێزیان ھەبێ، بۆ ئەوەش شاندە کوردییەکە سوور دەبێ لەسەر داواکەی.
ھەر بەپێی ئەو سەرچاوەیە، کۆبوونەوەی ئەو ژمارە زۆرەی حەشدی شەعبی لە خورماتوو بەھۆی ڕزگارکردنی گوندی بەشیری تورکماننشینەوە بووە کە شیعەکان کردویانەتە بیانوو بۆ کۆکردنەوەی ئەو ژمارە زۆرە لە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی، لەبەرئەوە بڕیارە سبەی کورد ئەو پێشنیازە بخاتە بەردەم کۆبوونەوەکە کە پێشمەرگە ئەو ناوچە تورکمانانە لە داعش پاک دەکاتەوە بەو مەرجەی کە حەشدی شەعبی بکشێنرێتەوە.
بەپێی زانیاریی سەرچاوەکە، تا ئێستا حەشدی شەعبی ھەژدە جار ھێرشیان کردووەەتە سەر گوندی بەشیر بۆ رزگارکردنی، بەڵام شکستیان ھێناوە.
وەستا ڕەسوڵ فەرماندەی پێشمەرگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رای گەیاند: بڕیارە سیچشەممە کۆبوونەوەکە لە پارێزگای کەرکووک ئەنجام بدرێ، بەڵام زانیاریان لەسەر ئەوە نییە کە جگە لە کورد و شیعە چ لایەنێکی دیکە بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا دەکا.
راشی گەیاند، داوای کورد و ئەوان ئەوەیە کە دەبێ بەفەوری حەشدی شەعبی لە خورماتوو بڕواتە دەرەوە.
لای خۆیەوەش رێبوار تەھا مستەفا پەرلەمانتاری کەرکووکی یەکێتی لە بەغدا رای گەیاند: بەڵێ کاتی ئەوە ھاتووە ئەوەی لە خورماتوودا ڕوو دەدات قبوڵ نەکرێت.
گوتی: “دوێنێ لە پەرلەمان بە جنێودان بە پیرۆزییەکانمان و شەھیدانمان سەنگەریان لێ گرتین و ئەمڕۆش لە خورماتوو بە تفەنگ”.
گوتیشی:“کورد ھیچ کاتێک لەگەڵ دەستدرێژی و زوڵــم و ستەمکاریدا نەبووە و دەستپێشخەر نەبووە لە ھەڵگیرساندنیدا، بەڵام ھیچ کاتێکیش زوڵم و زۆری قبووڵ نەکردووە”.
ئاماژەی بەوەش دا کە خەڵکی خورماتوو لە دوای پرۆسەی ئازادییەوە لە دۆخێکی ناھەمواردا ژیان بەسەر دەبەن و لەرابردوو فیرقەی دیجلە و گرووپە توندڕەوەکان، ئێستاش داعش و حەشدی شەعبی رەوشی ژیانی دانیشتووانی ئەو شارەیان ھەراسان کردووە، گوتیشی: “ڕۆژانە خەڵکی ئەو شارە دەڕفێنرێن و بە پارەیەکی زۆر ئازادیان دەکەن، ڕۆژانە ھەڕەشەی کوشتن لە خەڵکی رەسەنی خوورماتوو دەکرێت، ئەگەر تاکو ئێستا خوورماتوو بەرگەی ئەو ئازارەی گرتبێت و کورد ئەو دۆخەی قبووڵ کردبێت، ئەوە لە ئێستا ھیچ بیانوویەک نەماوە تا ئەو دۆخە قبوڵ بکرێت”.
لای خۆیەوە چاودێری سیاسی، د. رێبوار کەریم مەحمود ئاماژەی بەوە دا، خورماتوو پێکھاتەی شیعە و تورکمانەکان بە رێژەیەکی زۆر بوونیان ھەیە و یەک لەسەر چواری قەزاکە پێکدەھێنن، ئەو ناوچەیەش ستراتیژیە، لەبەرئەوە بە دڵنیاییەوە ئێرانییەکان و شیعە دەستبەرداری نابن، گوتی: “باشترین شێواز بۆ ئیدارەدانی ژیان لەو قەزایە کە زۆرینەی کوردە، بریتییە لە رێککەوتنێک، جیاواز لەو رێککەوتنانەی کە لە پێشوودا کراون، چونکە ١١ جار رێککەوتن لە نێوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبیدا لە رابردوو کراون و ھەڵوەشاونەتەوە”.
ھێمای بۆ ئەوەش کرد، ئێستا دۆخی خورماتوو پێویستی بە رێککەوتنێک ھەیە بە ئامادەیی و چاودێریەکی دەرەکیی بەھێز کە ئەو چاودێرە مەرج نییە تەنیا ئێران بێت، بەڵکو باشتر وایە لەپاڵ ئێرانییەکان ھێزە ھاوپەیمانەکان و نەتەوەیەکگرتووەکان چاودێریی رێککەوتنەکە بکەن، بەڵام بەبێ ئەوە ھەر رێککەوتنێک بکرێ سەرکەوتوو نابێ، گوتی: “لە دۆخێکدا ئەگەر ئێرانییەکان ئیدارەی حەشدی شەعبی بکەن و رێککەوتنەکەش بەو ئاستە بێت کە ھاوپەیمانان و نەتەوەیەکگرتووەکان چاودێریی بکەن، ئەگەری ئەوە ھەیە بتوانرێ کێشەکانی ئەو ناوچەیە و ئاڵۆزییەکانی چارەسەر بکرێن”.
