به‌هۆی‌ تاتۆیه‌كه‌وه‌ پۆلیسی‌ هه‌ولێر تۆمه‌تبارێكی‌ ده‌ستگیركرد

به‌هۆی‌ تاتۆیه‌كه‌وه‌ پۆلیسی‌ هه‌ولێر تۆمه‌تبارێكی‌ ده‌ستگیركرد
به‌هۆی‌ بوونی‌ تاتۆیه‌ك له‌ سه‌ر ده‌ستی‌ كه‌سێك كه‌ تۆمه‌تباره‌ به‌ ئه‌نجامدانی‌ تاوانی‌ دزیكردن له‌ دووكانێكی‌ ناحیه‌ی‌ خه‌بات، پۆلیس ئه‌نجامده‌ری‌ تاوانه‌كه‌ی‌ ده‌ستگیركرد.

نه‌قیب هۆگر عه‌زیز، وته‌بێژی‌ پۆلیسی‌ هه‌ولێر راگه‌یاند: "دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ شه‌وی‌ 16ی‌ نیسانی‌ 2016 رووداوێكی‌ دزیكردن له‌ قه‌زای‌ خه‌بات رووده‌دات و دواتر خاوه‌نی‌ دووكانه‌كه‌ له‌پۆلیسی‌ نه‌هێشتنی‌ تاوان سكاڵا له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ تۆمار ده‌كات كه‌ دزییه‌كه‌ی‌ ئه‌نجامداوه‌".

وتیشی‌: "به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كامێرای‌ چاودێری‌ له‌ نێو دووكانه‌كه‌دا هه‌بووه‌، ده‌ستی‌ تۆمه‌تباره‌كه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ تاتۆیه‌كی‌ له‌سه‌ر بووه‌ و به‌هۆی‌ ئه‌و تاتۆیه‌وه‌ تۆمه‌تباره‌كه‌ ناسراوه‌ته‌وه‌ و له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ پۆلیسی‌ نه‌هێشتنی‌ تاوانه‌وه‌ ده‌ستگیركراوه‌".

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد، كه‌ "دوای‌ ده‌ستگیركردنی‌ ئه‌و تۆمه‌تباره‌ و له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كاندا دانی‌ به‌تاوانه‌كه‌یدا ناوه‌ و كه‌لوپه‌له‌ دزراوه‌كانیش بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی‌ گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه‌".

راشیگه‌یاند، "ئه‌و كه‌سه‌ی‌ ده‌ستگیركراوه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا خه‌ڵكی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستانه‌، به‌ڵام له‌ ئێستادا له‌ قه‌زای‌ خه‌بات نیشته‌جێیه‌ و هۆكاری‌ ئه‌نجامدانی‌ تاوانه‌كه‌شی‌ بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕاندۆته‌وه‌ كه‌ قه‌رزێكی‌ زۆری‌ له‌سه‌ر بووه‌".

وته‌بێژی‌ پۆلیسی‌ هه‌ولێر ئه‌وه‌شی‌ ئاشكراكرد، له‌ ئێستادا ئه‌و تۆمه‌تباره‌ به‌ بڕیاری‌ دادوه‌ری‌ لێكۆڵینه‌وه‌ و به‌گۆێره‌ی‌ ماده‌ی‌ 443 له‌ یاسای سزادانی‌ عیراقی‌ راگیراوه‌".
Top