عادل موراد سەبارەت بە شەڕەکەی خورماتوو چی دەڵێت؟

 عادل موراد سەبارەت بە شەڕەکەی خورماتوو چی دەڵێت؟
چەند نووسینێک کە دەگوترێت نووسینی سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، کاردانەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان درووست دەکات.

دوای شەڕەکەی دوێنێ یەکشەممە 24\4\2016ی نێوان گەنجانی خورماتوو و میلیشیا شیعەکانی حەشدی شەعبی، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، نووسینێک بڵاو کرایەوە و ئاماژە بەوە درا کە لە لایەن عادل موراد، سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتییەوە بڵاوکراوەتەوە، کاردانەوەی بە دوای خۆیدا هێنا.


لە نووسینەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە لایەنێک بە مەبەست و بە پیلانی دەوڵەتێك، دەیەوێت ڕوشی ئارامیی خورماتوو بشێوێنێت و ئەو برایەتی و پێکەوەژیانەی چەند ساڵەی خەڵکی شارەکە لەبار ببات. دەشڵێت: ”ئەو لایەنە دەیەوێت خۆی فریشتەئاسا نیشان بدات و فرمێسکی تیمساحی بۆ خەڵکی خورماتوو دەڕێژێت، بەڵام خەڵکی بە شەرەفی خورماتوو پێویستە لە مەترسیی ئەو پیلانە گەورەیە ئاگادار بێت، چونکە ئە وڵاتە هی هەموومانە و جێی هەموومانی تێدا دەبێتەوە“. داواشی لە مامۆستایانی ئایینی و کەسایەتییەکانی خورماتوو کردووە، هەوڵەکانیان بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە چڕ بکەنەوە.

ئەمە لە کاتێک دایە کە 2 ڕۆژ پێش ڕووداوەکانی خورماتوو، نووسینێکی دیکەی عادل موراد بڵاوکرایەوە و تێیدا بە ناوی (خۆبەخشە شیعەکان، هیوایەک بۆ ئایندە) ئاماژە بەوە درابوو: “تا دێت حکومەتی عێراقی تواناکانی لەدەست دەدات و ڕووبەڕووی ململانێی زیاتری لایەنی سوننی دەبێتەوە، ئەوەی ئەم ململانێیە یەکلا دەکاتەوە، ئەو گەنجە خوێن گەرمە شیعانەن کە لە چوارچێوەی (حەشدی شەعبی)دا خۆیان ڕێکخستووە کە تاڕادەیەك جێی دڵخۆشییە و ڕەنگە لە دواڕۆژدا ببێتە بەدیلی سوپای عێراقی“.

بۆ زانینی درووستیی ئەو نووسینانە، (باسنیوز) پەیوەندی بە عادل موراد، سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە کرد و لەمبارەیەوە ڕای گەیاند: ”من لە دەرەوەی وڵاتم و ئاگام لە بارودۆخی خورماتوو نییە“. باسیشی لەوە کرد کە ئەو یەک پەیجی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) هەیە.

هەر لەمبارەیەوە سەرچاوەیەکی نزیک لە عادل موراد، تایبەت بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”هەرچەندە عادل موراد نکۆڵی لەو نووسینانە دەکات، بەڵام هیچ لارییەکی لەسەر نووسینەکان نییە و لەگەڵ ناوەڕۆکیان هاوڕایە“.

شەوی شەممە لەسەر یەکشەممەی ئەم هەفتەیە، میلیشیا شیعەکان هێرشیان کردە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی کورد و دواتر فەرماندەیەکی پێشمەرگەیان شەهید کرد، بەو هۆیەشەوە شەڕ لەنێوان گەنجانی کوردی خورماتوو و حەشدی شەعبی درووست بوو، بەڵام فەرماندەکانی پێشمەرگە کە لەژێر سەرکردایەتیی فەرماندە سەربازییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دان، فەرمانیان بە پێشمەرگە کرد، بەشداری لە شەڕەکەدا نەکەن و دواتر نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەگەڵ هادی عامری، فەرماندەی گشتیی میلیشیا شیعەکان، لە خورماتوو کۆبووەوە و بە ڕێککەوتنێک، بڕیاری کشاندنەوەی پێشمەرگەی لە شارەکە دەرکرد.
Top