هێزێكى زۆرى حه‌شدى شەعبی گەیشتە خورماتوو

 هێزێكى زۆرى حه‌شدى شەعبی گەیشتە خورماتوو
هێزێكى زۆرى حه‌شدى شه‌عبی ره‌وانه‌ى دووز خورماتوو كرا، كه‌ له‌ ناحیه‌ى ئامرلیه‌وه‌ هاتوون و ئێستە له‌ بازگه‌ى سلێمانبگه‌وه‌ ده‌یانه‌وێ بێنه‌ نێو قه‌زاى دووز خورماتوو، به‌ڵام بۆ جارى دووه‌م هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان رێگرى كرد له‌ چوونه‌ ژووره‌وه‌ى ئه‌و هێزه‌ بۆ نێو قه‌زاكه‌.


ئه‌فسه‌رێكى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان له‌ بازگه‌ى سلێمان به‌گ به‌ (باسنیوز)ى راگه‌یاند "ئه‌مه‌ بۆ جارى دووه‌مه‌ حه‌شدى شه‌عبی ده‌یانه‌وێ هێز بهێننه‌ نێو خورماتوو، به‌ڵام ئێمه‌ هیچ فه‌رمانێكمان پێنیه‌ بۆ چوونه‌ ژووره‌وه‌ى ئه‌و هێزانه‌، بۆیه‌ ڕێگریمان لێ كردوون و پێمان راگه‌یاندوون ئه‌گه‌ر له‌وه‌ زیاتر نزیك ببنه‌وه‌ ناچارین ته‌قه‌ بكه‌ین".


ئه‌مه‌ بۆ جارى دووه‌مه‌ چه‌كدارانى حه‌شدى شه‌عبی هه‌وڵ ده‌ده‌ن هێز ره‌وانه‌ى قه‌زاى دووز خورماتوو بكه‌ن و له‌لایه‌ن هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستانه‌وه‌ ڕێگریان لێ ده‌كرێت.


ئێستە ئه‌و هێزه‌ى حه‌شدى شه‌عبی كه‌ به‌وته‌ى ئه‌فسه‌ره‌كه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان ژماره‌یان زیاتر له‌ 50 ئۆتۆمبێله‌ له‌سه‌ر پردى سلێمان به‌گ وەستاون كه‌ چه‌ند كیلۆمه‌ترێك له‌ بازگه‌كه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستانه‌وه‌ دوورن و پێشمه‌رگه‌ش له‌ ده‌وروبه‌رى خورماتوو له‌ ئاماده‌باشیدایه‌.
Top