پێگه‌ی فه‌رمیی یه‌كێتی: هادی عامری نیازپاك نه‌بوو و، فێڵی كرد
به‌رپرسێكی یه‌كێتیی نێیشتیمانیی كوردستان به مێدیای حزبه‌كه‌ی ڕایگه‌یاندووه: به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه پێشمه‌رگه به هیچ جۆرێك رێگه به هاتنه ناوه‌وه‌ی هیچ هێزێكی حه‌شدی شه‌عبی نادات، بۆیه به‌و هۆیانه‌وه ده‌یانه‌وێت هێزی زیاتر بهێننه ناو شاری خورماتوو، هه‌روه‌ك له به‌یانی ئه‌مڕۆوه هێزێكی زۆری حه‌شدی شه‌عبی له سلێمان به‌گ به‌نیازی هاتنه ناوه‌وه بوون بۆ خورماتوو، به‌ڵام تاكو ئێستا له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كانه‌وه رێگرییان لێ كراوه و له ئه‌گه‌ری جووڵه‌پێكردنیان له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه ئاگرباران ده‌كرێن.
به‌گوێره‌ی لێدوانی به‌رپرسه‌كه‌ی یه‌كێتی، سه‌رباری ڕێككه‌وتن له‌باره‌ی ئاگربه‌ستی دوێنێی نێوانیانه‌وه، (هادی عامری) فێڵی لێ كردوون و نیازپاك نه‌بوون له‌گه‌ڵیاندا، ئه‌و به‌رپرسه ده‌ڵێ، ''ئه‌مڕۆ (هادی عامری) فه‌رمانده‌ی حه‌شدی شه‌عبی سه‌ردانی خورماتووی كرد بۆ كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه، له‌گه‌ڵ خۆیدا 12 ئه‌مبوڵانسی هێنابوو به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی بریندار و كوژراوه‌كانیان، به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌وه‌شدا نیازپاك نه‌بوون، له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌رجه‌می ئه‌و ئۆتۆمبێلانه چه‌كداری حه‌شدی شه‌عبی و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییان تێدا بوو.'
