مامە حاجییەکەی خورماتوو: ناترسم و داخلەدڵم
عاسی قەوالی، مامە حاجییەکەی خورماتوو لە پەنجاکانی تەمەنی دایە و، بەبێ ئەوەی لە تۆڵەکردنەوە بترسێت دوێنێ ئاڵای حەشدی شەعبی لە گەرمەی شەڕی نێوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبی لە خورماتوو فڕێدایە خوارەوە، ئەو باسی کاتی فڕێدایەخوارەوەی ئاڵاکە دەکات و دەڵێ " زۆر لە حەشدی شەعبی داخلەدڵم، بۆیە چووم لە نزیک هامەرە سووتاوەکەی حەشد ئاڵاکەیانم فڕێدایە خوارەوە".
هەروەها دەڵێ " لەنزیک ئەو شوێنە ئاڵای عێراقیشی لێبوو، بەڵام من دەستکاری ئاڵاکەی عێراقم نەکرد و، تەنیا ئاڵای حەشدی شەعبیم فڕێدایە خوارەوە". باس لەوەش دەکات، کە ئەو بەهیچ شێوەیەک لە تۆڵەکردنەوە ناترسێت، جەختیش دەکاتەوە لەوەی" منەتی هیچ کەسێکی سەر بە حەشدی شەعبی نازانم".
ئاڵاکەی حەشدی شەعبی لەسەر دیواری کۆنکرێتی بووە، کە ئەو پێیوایە دیوارەکە زیانی بۆ گەنجی کورد هەیە بۆیە دوای داگرتنی ئاڵاکەش بە تراكتۆر پاڵ بە دیوارە کۆنکرێتییەکەوە دەنێت و ریگاکە پاکدەکاتەوە.
عاسی قەوالی، خۆبەخشی پێشمەرگەیە، محەممەد عەبدولکەریم، تاکە برای ئەو بووە و لە جەلەولا خۆبەخشبووە، بەڵام پێش ساڵێک شەهید بوو، ئەو دەڵێ " تاوەکو دەمرم خزمەتکاری شارەکەمم و ئامادەم هەموو شتێک لەسەر ئەو شارە بکەم".
لەسەر چۆنیێتی باشتربوونی رەوشی خورماتوو مامە حاجییەکەی خورماتوو دەڵێ " تەنیا مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەتوانێت رەوشەکە چارەسەر بکات، بۆیە داوادەکەم ئەو بێتە سەر خەت و رەوشەکە باشبکات".
شەوی 23-4-2016 شەڕ لەنێوان حەشدی شەعبی و پێشمەرگە لە خوورماتوو هەڵگیرسا، لەو شەڕەدا 11 پێشمەرگە و هاونیشتیمانی کورد شەهیدبوون و بەپێی ئامارەکانیش 25 چەکداری حەشدی شەعبیش کوژراون.
