باڵیۆزی نوێی نەمسا: گهل و حكوومهتی نهمسا هاوكارتان دهبن.. پێوهندییهكان قووڵ دهكهینهوه
ئهمڕۆ دووشەممە 25ـی 4ـی 2016 لە سەڵاحەدین، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە (میشێل دیزێر) باڵیۆزی تازەی وڵاتی نەمسا بۆ عێراق و ئۆردون كرد.
لە دیدارەكەدا باڵیۆزی تازەی وڵاتی نەمسا بۆ عێراق و ئۆردون، سوپاسی (سەرۆك بارزانی) كرد بۆ ڕەخساندنی دیدارەكە و ڕایگەیاند، كە سڵاوی گەل و حكوومەتی نەمسای بۆ گەلی كوردستان و (سەرۆك بارزانی) هێناوە و، هاتووە بۆ ئەوەی كار بۆ قووڵتركردنی پەیوەندییەكان بكات و، بزانێ كە چۆن وڵاتەكەی بتوانێ زیاتر هاوكاریی گەلی كوردستان بكات.
(میشێل دیزێر) هەروەها ئەوەیشی بۆ (سەرۆك بارزانی) خستە ڕوو كە گەلی نەمسا سۆزێكی زۆری بۆ گەلی كوردستان هەیە و، ئاگاداری گیانفیداییی پێشمەرگە و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستانن لەبەرانبەر تەحەدیاتەكاندا، پێزانینیشی هەبوو بۆ میوانداریی و دڵفراوانیی گەلی كوردستان كە بوونەتە پەناگەی سەدانهەزار ئاوارە و لێقەوماو.
لە بەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) هیوای سەركەوتنی بۆ باڵیۆزی تازەی نەمسا لە عێراق و ئۆردون خواست و، وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژووییەكانی كوردستان و نەمسا، ستاییشی گەلی نەمسای كرد كە دۆست و پشتیوانی گەلی كوردستانن و پێشوازییشی كرد لە قووڵتربوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا.
(سەرۆك بارزانی) لە درێژەی گوتەكانیدا باسی لە شەڕی داعش و ئەو تەحەدیاتانە كرد كە ڕووبەڕووی گەلی كوردستان بوونەتەوە.
پەیوەست بە شەڕی داعش و تیرۆر (سەرۆك بارزانی) جەختی لەوە كردەوە كە شەڕی داعش، پێویستی بە هەماهەنگی و هاوكاریی جیددیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە و شكستدانی داعشیش تەنیا ڕەهەندی سەربازی نییە، بەڵكو پێویستە لە ڕووی فیكری و ئابووری و سیاسییشەوە داعش و تیرۆر تێك بشكێندرێت.
هەر لەم دیدارەدا باس لە ئامادەكارییەكان بۆ ئازادكردنی مووسڵ و پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەرێم و پاشهڕۆژی گەلی كوردستان كرا و، بیروڕا لەبارەی دواپێشهاتە سیاسییەكانی توركیا و سووریا ئاڵوگۆڕ كرا.
KDP
