ئەمیرەکانی داعش دەستدرێژی دەکەنە سەر کچی عەرەبە سوننەکانی ژێر دەسەڵاتیان
ماوەیەکە باس لەوە دەکرێت کە دیاردەی کوشتن و دەستدرێژی کردنە سەر کچان لەناو مووسڵ زیادی کردووە و بەشێک لەو ئافرەتانەی لە لایەن داعشەوە بۆ جیهادی نیکاح بەکاردەهێندرێن، دوای ئەوەی لە لایەن ژمارەیەکی زۆری چەکدارانی داعشدا دەهێڵدرێنەوە، دواتر بە بیانووی جۆراوجۆر دەکوژرێن. لەمبارەیەوە تاریق کۆیی، فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە چیایی زەردک، ڕاگەیاند: “زانیاریمان هەیە کە بەشێک لەو ئافرەتانەی لەناو داعشدا بە بیانووی شەریعەتی ئیسلامەوە کاری جیهادی نیکاحیان پێ کراوە، دواتر بە گومانی پەیوەندی لەگەڵ تۆڕە هەواڵگرییەکان، کوژراون و لاشەکەشیان شێوێنراوە و لە دەرەوەی مووسڵ فرێ دراون”. جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەو ئافرەتانە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک کوژراون.
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە ئەوەشی ئاشکرا کرد، بەپێی ئەو زانیارییانەی کە دەستیان کەوتووە، ئەمیرەکانی ڕێکخراوی توندڕەوی داعش بە پاسەوانێکی زۆرەوە، بەسەر گوندە عەرەبییە سوننییەکاندا دەدەن. گوتیشی: “هەر کچێکی جوان لەو گوندانە ببینن، دەیڕفێنن و بۆ مووسڵی دەبەن و دەستدرێژی دەکەنە سەر”.
هەرچەندە لە سەرەتای هێرشەکەی داعش بۆ سەر پارێزگای نەینەوا، بەشێک لە عەرەبە سوننەکانی ناوچەکە پشتیوانییان لەو ڕێکخراوە توندڕەوە کرد، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەو ڕەفتارە ئابڕووبەرانەی ئەو ڕێکخراوە توندڕەوە، بەشێکی زۆری هۆزە عەرەبییە سوننییەکان لە داعش پەشیمان بوونەتەوە.
له باسنيوز
