وەزارەتى پێشمەرگە: پێویستە هەرچی زووە حەشدى شەعبى بچنە دەرەوە لە دوزخورماتوو
لە ڕاگەیەندراوەکەى وەزارەتى پێشمەرگەدا ئاماژەى بۆ تێکدانی ھەلومەرجی ئاسایشی سەنتەری قەزای دوزخورماتو کردووە، بۆ جێبەجێکردنی مەرامێکی گوماناوی تایبەتی کۆمەڵێک چەکداری گێرە شێوێن و ئاژاوەچی و دەرچوو لە یاسا کە مەبەستی سەرەکی یان دروست کردنی کێشە و ململانێ لە نێوان پێکھاتە جۆراوجۆرەکانی قەزای دوزخورماتوو.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "ئەمە چەندەھا جارە بە پەلاماردانی بێ ھۆکاری ماڵی ھاووڵاتیانی سڤیل و بنکە و بارەگا و دامودەزگا فەرمیەکانی قەزای دوزخورماتوو فیتنە و کێشەی گەورە و ئاگری شەر و ئاژاوە و کوشتن و کوشتار دەخولقێنن کە ھەموجارێک دەبێتە مایەی شەھید بوونی پۆلێکی بێ گۆناھی خەڵکی مەدەنی و فەرماندە و ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگەی ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و پاراستنی ھەرێم".
وەزارەتى پێشمەرگە باسى لەوەشکردووە، ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزەکانی پاراستنی ھەرێم بەر لە شەری داعش و لە پاش شەری داعش و لەئێستاکەدا ئەرکی پاراستنی ناوچەکە بە گشتی و ھاوڵاتیانی سنورە کە بە تایبەت لە ئەستۆ گرتووە لە ھێڵەکانی بەرگری لە کوردستان "بەڵام بەپێچەوانەوە ئەو ئەم چەکدارە دەرچوو لە یاساو ئاژاوەگێرانە، کۆڵانەکانی ناو شاری دوز خورماتوو و سەر بانەکانی خانووەکانیان کردۆتە قەڵغان بۆ دروستکردنی کێشە و شەر و ئاژاوە و تێکدانی ئاسایش و ئارامی ناو شاری دوزخورماتوو".
لە ڕاگەیەندراوەکەى وەزارەتى پێشمەرگە ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە، جەخت لە سەر پەرۆشی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە و ھێزەکانی پێشمەرگە کوردستان و پاراستی ھەرێم بۆ ڕاگرتنی ئارامی و پاراستنی ئاسایش قەزای دوزخورماتو و ناوچەکە بە گشتی لە پەلاماری تێروریستان و ئاژاوەگێران .
هەروەها دەشڵێت "چیتر لە ھیچ کەسی چەکداری دەرچوو لە یاسا لە ھەر لایەن و ھێز و یەکەیەک بێت بەبێ ھیچ جیاوازییەک قبوڵ ناکرێت ئارامی و ئاسایشی سەنتەری قەزای دوزخورماتوو تێکبدەن".
دەشڵێت "داوا لە برایانمان لە فەرماندەکانی یەکەکەکانی حەشدی شەعبی لە دوز و ناوچەکە دەکەین کە جڵەوی ئەم چەکدارە دەرچوو لە یاسا و لاسارانە بگرن و تاوانبارەکانیان تەسلیم بەدادگا بکەن".
لەلایەن خۆشیەوە بەڕێوەبەری ئاسایشی پارتی لە دووزخورماتوو ڕاگەیاند، شەڕ لە قەزای دووزخورماتوو ڕاگیراوە و لە شەڕەکەدا پێنج پێشمەرگە و سێ هاوڵاتی کورد شەهید بوون، بەپێی زانیارییەکانیش ٢٨ چەکداری حەشدی شەعبی کوژراون.
دوێنێ ٢٤ی نیسانی ٢٠١٦ شەڕو پێکدادان لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبیدا لە قەزای دووزخورماتوو دروستبوو، دوای کۆبوونەوەی شاندی کورد و حەشدی شەعبی لە دووزخورماتوو ئاگربەست لە قەزاکە ڕاگەیەندرا.
باسنیوز
