ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان: کەس ناتوانێت ئاستەنگ بۆ بڕیارەکانی چاکسازیی بارزانی دروست بکات
ئەمڕۆ یەکشەممە 24\4\2016، مەردان خدر، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “فەرمانی بارزانی لەبارەی چاکسازییەوە تادێت فراوانتر دەبێت و پێشوازییەکی باشی لێدەکرێت، بەجۆرێک باوەڕ ناکەم هیچ کەس و حزبێک ئاستەنگ لەبەردەم ئەو فەرمانانە دروست بکات، چونکە پێش ڕاگەیاندنی چاکسازییەکانی بارزانی، شەوانەڕۆژ هەموو لایەک لەمیدیاکانەوە داوای چاکسازییان دەکرد”. ئەوەشی دووپات کردەوە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەسەڵاتی تەواوی بەو لێژنەیە داوە کە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی ڕایسپاردوون.
مەردان خدر ئەوەشی بۆ (باسنیوز) ڕوون کردەوە: "ئێستا کاتی ئەوەیە، چاکسازی خەڵکانێک بگرێتەوە کە دەستیان لە گەندەڵیدا هەبووە، بۆیە لە ڕووی یاساییەوە جگە لەوەی کەس بۆی نییە ئاستەنگ لە بەردەم بڕیارەکانی بارزانی دروست بکات، لە ڕووی مەبدەئیشەوە هیچ هێزێک ناتوانێت ڕێگە بدات یان ڕێگا بەخۆی بدات، ئاستەنگ بۆ چاکسازی دروست بکات".
داواشی کرد سەرجەم (لایەنە سیاسییەکان بە پارتی دیموکراتیی کوردستانیشەوە، ڕۆشنبیران، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و تەواوی چین و توێژەکانی کوردستان)، پشتیوانی هەنگاوەکانی چاکسازی بکەن و هیچ کەسیش لەسەروو یاساوە نەبێت.
