دیپلۆماتێکی ئەمەریکی: کوردی رۆژئاوا نازانن چییان دەوێ

دیپلۆماتێکی ئەمەریکی: کوردی رۆژئاوا نازانن چییان دەوێ
باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا لە دیمەشق ڕای گەیاندووە کە کوردی رۆژئاوای کوردستان دیار نییە چییان دەوێ، بۆیە ئێمە ناتوانین ھیچیان بۆ بکەین.

لەبارەی سەردانی ئەم دواییەی ساڵح موسلیم ھاوسەرۆکی پەیەدە بۆ ڕووسیا، ئاژانسی سپوتنیکی ڕووسی پرسیاری لە ڕۆبەرت فۆرد باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا لە دیمەشق کردووە و فۆرد ڕای گەیاندووە کە ئەوان دیار نییە چییان دەوێ، بۆیە ئێمە ناتوانین ھیچیان بۆ بکەین.

فۆرد ئاماژە بەوە دەدات کە پەیەدە جاری وایە فیدراڵی ڕادەگەیەنێ و دەمێک ڕەتی دەکاتەوە و باسی یەکگرتوویی سووریا دەکات، بەو شێوەیە پەیامیان دیار نییە و نازانن چییان دەوێ، بۆیە ئەمەریکاش نازانێ چییان بۆ بکات.

ھەروەھا دەڵێ : لایەنە کوردییەکانی سووریا پێکەوە نین، ئەمەش گرفتێکی دیکەیە.

ھەرلەو بارەیەوە و لە لێدوانێکدا بۆ ھەمان سەرچاوە، سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا، کە لە ڕیزی ئۆپۆزسیۆنی سووریایە لە گفتوگۆکانی جنێڤ، دەڵێ: "ئەگەر پەیەدە ھەموو پەیوەندییەکانی بە یەکجاری لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد ببڕێت، ئەوان ئامادەن داوا لە لیژنەی باڵای گفتوگۆکان بکەن کە پەیەدەش بچنە ڕیزی ئۆپۆزسیۆنەوە و بەشداریی گفتوگۆکانی داهاتووی جنێڤ بکەن".



باسنيوز
Top