كۆیە.. كانیاوەكان دەژیێنەوە
مامۆستا ئەحمەد عەبدوڵڵا، خەڵکی گوندی "شەوگێڕ"ی سەر بە قەزای کۆیە، بەدەم کارەوە لەناو باخەکەی بۆ (باسنیوز) دوا و گوتی: "ساڵانێکە کانیاو و کارێزەکانی گوندەکەمان بەهۆی وشکەساڵی و هەڵکەندنی بیری زۆرەوە وشک ببوون، بەڵام ئەمساڵ زۆرینەی کانیاو و کارێزەکانمان ژیاونەتەوە وەک کارێزی (کارێزان و کانیلان) ."
گوتیشی "هەرچەندە ڕێژەی ئاویان شێوەی جاران نییە و کەمترە، بەڵام ئەگەر پڕۆژەی ئاودێری هەبێت دەکرێت سوودیان لێ ببینرێ بۆ بەراوکردن و ئاوەدانی ئەو ڕەزانەی لەم ساڵانەی دوایی دروست کراون، هەروەها دەکرێ وەک سەرچاوەیەکی ئاودان بۆ مەڕ و ماڵات بەکار بهێنرێت، چونکە لەم دوو ساڵەی دوایی زۆرینەی خەڵکی گوندەکەمان بەهۆی بێ مووچەیی ڕوویان لە گوند کردووەتەوە و خەریکی کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵدارین."
سەڵاح سەباح، شوان بەدەم ڕۆیشتن لە ڕێگا لەگەڵ مەڕەكانی زۆر بە دڵخۆشییە باسی لە ژیانی گوند دەكرد و دەیگوت "ئەم ژیانە زۆر خۆشترە لە ژیانی شار و پێویستم بە چاوەڕێكردنی مووچە نییە."
سەبارەت بە سوودی بووژانەوەی کانیاوەکان ئەم شوانە گوتی "سوودی كانیاوەكان زۆرن بە تایبەت بۆ ئاوەدانیی ئاژەڵەكانمان و باخچەكانیشمان. لە وەڵامی ئەوەی ئایا خەڵكی چەندە بە پەرۆشن بۆ گەڕانەوە بۆ سەر زەوی و موڵكی باب و باپیرانیان، بەتایبەت لەم قەیرانەدا، سەڵاح گوتی ئێستا زۆر لە خەڵكی دەگەڕێنەوە سەر كاری كشتوكاڵی و گوندەكان ئاوەدان دەبنەوە."
هۆكارەكەشی بۆ نەدانی موچەو بێ ئیشی دەگەڕێتەوە ئاشکراشی کرد کە خەڵك خەرجی شاری پێ ناكرێت، بەتایبەت ئەوەی كرێچی بێت. ئەو شوانە گوتیشی گەر حكوومەت هاوكار بێت، زیاتر خەڵك هان دەدات بۆ كاری كشتوكاڵی و ئاژەڵ بەخێوكردن.
ئەم شوانە گلەیی دەکرد کە حكوومەت هیچ هاوكار نییە و دەڵێت بۆ نموونە ئالیكی ئاژەڵ دەبێت مانگی یەك و دوو بدرێت، بەڵام لە هاویندا دابەش دەكرێت ئەوكاتیش هیچ سوودی نییە.
