پەرلەمانتارێكی پارتی : ئەمڕۆ سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان بۆ هەرێمی کوردستان دەگەڕێینەوە
د. عەرەفات کەرەم ستونی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیاند، سەلیم جبووری، سەرۆکی "شەرعی"ی پەرلەمانی عێراق، سەردانی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی کرد و سوپاسی کردن، دواتریش بڕیاری دا، تا چارەسەرکردنی کێشەکان، وەک سەرۆکی شەرعیی پەرلەمان، دانیشتنەکان هەڵبپەسێرێت. ئەوەشی ئاشکرا کرد."
ئێمە بۆ کوردستان دەگەڕێینەوە، چونکە پێویستیمان بە گفتوگۆ هەیە، ئەوەی مانگرتوو نەبێت، دەگەڕێتەوە کوردستان، چونکە دانیشتنی پەرلەمان ناکرێت،ڕەنگە دانیشتنەکەش دوابکەوێت، بەڵام پەرلەمانتارە مانگرتووەکان دەمێننەوە، چونکە ئەوان لەگەڵ کورددا نین“.
ئاماژەشی بەوە کرد، ئەمریکا و بەریتانیا و ئێران لەسەر خەتن، بۆ ئەوەی ڕەوشەکە چارەسەر بکرێت، چونکە مەترسی دەکرێت عێراق وەک لیبیای لێ بێت، 2 حکوومەت و 2 پەرلەمانی هەبێت.
عەرەفات ستونی ئەوەشی ڕوون کردەوە کە کورد لەو کێشانەدا بەشێک نییە، چونکە کێشەکان بە پلەی یەکەم، کێشەی شیعە - شیعەیە و کوتلەی مالیکی و ڕەوتی سەدر کێشەیەکی مێژووییان هەیە.
سەدرییەکان قەبوڵیان نییە جارێکی دیکە مالیکی بۆ دەسەڵات بگەڕێتەوە و مالیکیش دەیەوێت بگاتەوە بە دەسەڵات و بە خەڵکی بڵێت کە بەهۆی ڕۆشتنی ئەوەوە، عێراق وای بەسەر هاتووە. ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ئەوەشی بۆ (باسنیوز) ئاشکرا کرد "مانگرتووان کەسانی گومانلێکراویان تێدایە، هەندێکیان دوژمنی کوردن، هەندێکیان تائیفین، هەندێک کەس پۆستیان لەدەست چووە و دەیانەوێت پۆستەکانیان بگەڕێننەوە. بەشی زۆریان نیشانەی پرسیاریان لەسەرە."
سەبارەت بە پەرلەمانتارە کوردە مانگرتووەکانیش گوتی: "کوردەکانیش تاڕادەیەک لە لێدوانەکانیاندا دەرکەوت کە بە تەمای پۆستن، لەبەر ئەوەی گوتیان جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان پشکی کوردە و ئێمە پاڵێوراوی."
لە کۆتایی قسەکانیشیدا ئەوەی دووپات کردەوە کە کورک بەرگری لە سەلیم جبووری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و ئارام شێخ محەمەدی جێگری ناکات، بەڵکو ”بەرگری لە شەرعیەت" دەکات. دانیشی بەوەدا نا کە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، لاوازترین دەستەی سەرۆکایەتی بووە و لە لایەن حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە ئاراستە کراوە، بەڵام گوتی: ”کورد ترسی لەوە هەیە کە ئەو گرووپە مانگرتووە، بە ئارەزووی خۆیان دەستکاری پشکەکان بکەن."
باسنیوز
