بارزانی بڕیاری دا سەرجەم وەزارەتەکان دەرگایان بۆ دیوانی چاودێریی دارایی بکەنەوە

بارزانی بڕیاری دا سەرجەم وەزارەتەکان دەرگایان بۆ دیوانی چاودێریی دارایی بکەنەوە

مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە 17\4\2016، بڕیاری ژمارە 4ی دەرکردووە کە تێیدا ئاماژەی بەوە داوە: “سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی سەر بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەکرێن بە ئەنجامدانی ڕێکاری پێویست و ئامادەکاری بۆ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەرک و دەسەڵاتەکانی، بەپێی یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2008”.

لەمبارەیەوە نازم کەبیر، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: “پێشتر چەندین جار سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان ئەو بابەتەی ڕاگەیاندووە کە دەبێت دیوانی چاودێریی دارایی کارا بکرێتەوە”.
ئاماژەشی بەوە کرد، لە دوای ئەم نووسراو و بڕیارەی بارزانی، پێگەی دیوانی چاودێریی دارایی بەرزتر دەبێتەوە و دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی دیوانی چاودێریی دارایی بەبێ سانسۆر کارەکانی جێبەجێ بکات.
ئەو بڕیارەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی بەرفراوانی ئەنجامدانی چاکسازییە کە بارزانی دەستی پێ کردووە و لە ماوەی ڕابردووشدا لەو چوارچێوەیە، ژمارەیەک بەڕێوەبەری بانک و کەسانی جۆراوجۆر، لەسەر ئەو دۆسیانە دەستگیر کراون یان ڕووبەڕووی لێپێچوونەوە کراونەتەوە.






- باس
Top