شرۆڤەکاران: پەکەکە پێشێلکاری مافی مرۆڤن دژ بە کورد
سەرچاوەکانی جیروسالم ئۆنلاین لە عێراق و ئێران و سووریاوە، بەڵگە لەسەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەلایەن پەکەکەوە بڵاو دەکاتەوە.
لەم کاتانەی دواییدا، لە ڕۆژئاوا پەکەکە ستایش کراون بەھۆی ئەو شەڕەی کە دژی داعش کردوویانە، بەڵام لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئەو ناوبانگە باشەیان نییە. لە تورکیا، پەکەکە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەناسرێ. بەپێی ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوە، لە ناوەڕاستی ھەشتاکاندا "ئەوان پشتیان بە شەڕی گەریلایی بەستووە، لەوانە ڕفاندنی گەشتیاری بیانی لە تورکیا، کردەوەی خۆکوژی، ھێرشکردنە سەر نووسینگەی دیپلۆماتە تورکیاییەکان لە ئەورووپا. پەکەکە بە بەردەوامی ھێرشی کردووەتە سەر خەڵکی مەدەنی کە ڕەتیان کردووەتەوە ھاوکاریی بکەن.
پێوەندیی پەکەکە بە گرووپە ئیسلامییە توندڕۆکانەوە
لە ساڵی 1993، پەکەکە ھێرشیکی ڕێکخراویان ئەنجام دا، تیایدا بۆمبی ئاگرین و ھێرشی وێرانکەریان کردە سەر نووسینگە دیپلۆماتی و بازرگانییەکانی تورکیا لە شەش وڵاتی ڕۆژئاوایی. چالاکەکانی پەکەکە، بۆمب و نارنجۆکیان کردە سەر شوێنە گەشتیارییەکانی تورکیا لە ئیستانبووڵ و کەنار دەریاکان. کاتێک کە شەڕ گەیشتە لوتکە لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا، بە ھەزاران گوند وێران بوون لە باشووری ڕۆژھەڵات و ڕۆژھەڵاتی تورکیا. لە ماوەی شەڕەکاندا لە باشووری تورکیا، پەکەکە و چەکدارەکانی خەڵکی مەدەنی و پاسەوانی گوندەکانی سەر بە حکوومەتییان کوشت. نزیکەی 37 ھەزار کەس لەو شەڕانە کوژران.
بەپێی کۆڕبەندی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، سەرەڕای ئەوەش مارکسییە لینینیەکانی پەکەکە، پەیوەندییان لەگەڵ گرووپە ئیسلامییە توندڕۆکاندا ھەبووە، بە شێوەیەکی دامەزراوانە خۆکوژییەکانی پەکەکە وەک ئاماژەیەک بۆ فیدایی و شەھیدەکان، ئەوان وەک ئەو دیندارانە کار دەکەن، کە سەرکردە کاریزماکان ڕێبەرییان دەکەن، کە لە کردەوەی خۆکوژی ئیلهامیان بۆ ھاتووە. ھەرچەندە خەڵکێکی کەم لە ئیسرائیل ئەو مێژووەیان لە بیرە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، بانگەشەی ئەوە دەکات، کە پەکەکە پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەڵەستین، ئەسالە و سوپای سوور ھەبووە. ھەردوو پێکەوە لەگەڵ فەتح شەڕیان کردووە دژ بە ئیسرائیل. لەگەڵ ئەوەشدا، لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕژێمی سووریا ھاوپەیمان بوون، ھەردوو لا پەکەکەیان بۆ سوود و بەرژەوەندیی خۆیان بەکار ھێناوە. ھەرچەندە، بە دوور لەوەش، سەرچاوەکان لە عێراق، ئێران، سووریا بە جیروسالم ئۆنلاین- یان ڕاگەیاندووە، پەکەکە پێشێلکاریی گەورەی مافی مرۆڤی دژ بە کورد ئەنجام داوە.
پەکەکە کەمپی ڕاھێنانی سەربازی لە ئێران ھەیە
کوردێکی دژ بە دەسەڵاتی ئێران، بە جیروسالم ئۆنلاینی ڕاگەیاند، ھەر کەسێک بچێتە ڕیزی پەکەکەوە، ھەرگیز ناتوانێ بەجێی بهێڵێت، ھەندێک خەڵک لە پەکەکە ڕایانکرد بەھۆی ئەوەی کە نەیانتوانی بە دوور لە خێزانی خۆیان بمێننەوە بێ پەیوەندی. پەکەکە کەمپی ڕاھێنانی سەربازی لە ئێران ھەیە. ئێران چەکی بۆ دەنێرێت تا پشتیوانی بکەن. پەکەکە بۆ ئێران پاسەوانی سنووری عێراق- ئێران دەکات، ھەندێک جاریش کێشە بۆ گرووپەکانی دیکەی ئێران دروست دەکەن. پەکەکە دەڵێت سنوور بۆ ئەوانە و بۆ ئەوانی تر قەدەغەیە. زۆربەی خەڵکی کورد لە ئێران پشتیوانیی لایەکانی دیکەی کورد دەکەن.
ئەو کوردە کە ناوی نەبراوە دەڵێت، پەکەکە لەوە دەترسێ ئەگەر رێگە بدات خەڵکی بە ئازادی لە حزبەکانی تردا کار بکەن، ئەوا ڕێخۆشکەر دەبێ بۆ گەلێک لە کوردەکانی ئێران تا ڕیزەکانی پەکەکە بەجێ بهێڵن و، پەیوەندیی بە گرووپەکانی دیکەوە بکەن.
جلوبەرگی پێشمەرگە قەدەغەیە
سەرچاوەیەکی عێراقی بە جیروسالم ئۆنلاینی ڕاگەیاند، پەکەکە بە شێوەیەکی ھەڕەمەکی خەڵکی کوردی دەستگیر کردووە، "ژنێکی 80 ساڵەیان بۆ ماوەی 4 سەعات دەستگیر کرد کە ویستبووی مانگاکانی بێنێتەوە لە ئێوارەیەکی درەنگدا. پەکەکە تۆمەتباریان کرد بەوەی کە ویستوویەتی زانیاری کۆ بکاتەوە لە سەر چەک لە بنکەکانی ئەوان، لە کاتێکدا ئەو ھیچ زانیاری لەسەر شتی وا نەبوو.
جلوبەرگی پێشمەرگە قەدەغەیە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەواندا. دوو گەنج کە جلی پێشمەرگەیان لەبەر بوو، پەکەکە ئاگاداری کردبوونەوە کە ئەم جلانە قەدەغەن، دوای دوو سەعات ھاتبوونەوە و لێیان دابوون، بەڵام خەڵکی ناوچەکە نەیانهێشتبوو بیانگرن. شەرمەزارییەکی گەورەیە کە جیهان شانازیی بە پێشمەرگەوە دەکات، بەڵام لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەواندا ئەو جلە قەدەغەیە."
بەپێی سەرچاوە عێراقییەکە، کوڕێکی گەنج کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پەکەکە دەژیا، دەستگیر کرا، هەر بەھۆی ئەوەی پشتیوانی لە سەرۆکی کوردستان دەکرد، لە زیندانێکی ژێرزەمینی دانرا، کە لەگەڵ حەوت کەسی دیکەدا بوو، 5یان ئەندامی پەکەکە بوون کە ویستبوویان ڕابکەن و پەکەکە بەجێ بهێڵن، کرابوونە زیندانەوە، "پەکەکە ئەندامی پلەداری خۆیان دەستگیر کردووە بەھۆی ئەوەی ھۆنراوەی بۆ کچێک نوسیووە بەر لەوەی بچێتە ڕیزی پەکەکەوە."
لەبەر پەکەکە، خەڵکی مەدەنی ناتوانن کێڵگەکانی خۆیان بڕوێنن
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی کوردستان، داوایان لە پەکەکە کردووە، کە ناوچەکانی خەڵکی مەدەنی بەجێ بهێڵن، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی جیروسالم ئۆنلاین کە لە سەرچاوە عێراقییەکەی وەرگرتووە، پەکەکە پێچەوانەی ئەوەی کردووە، خەڵکی مەدەنی وەک قەڵغان بەکار ھێناوە، تا خۆیانی پێ لە ھێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بپارێزن: چەندان مەدەنی کوژران لە چەند ماڵێکدا، کە پەکەکە بەکاری ھێناون و خاپوور کراون. ھەندێک خەڵک دەرگای خۆیان داخستووە. پەکەکە شکاندوویانە و چوونەتە ماڵەکانەوە. لە کاتێکدا کە کوردستان تەنگژەی دارایی سەختی ھەیە، خەڵکی مەدەنی ناتوانن کێڵگەکانی خۆیان بڕوێنن، چونکە لە ھێرشی ئاسمانی دەترسن و ناتوانن بە پەکەکە بڵێن گوندەکانیان بەجێ بهێڵن. 3 کەس دەستگیر کراون لەسەر ئەوەی بە پەکەکەیان گوتووە ناو ماڵان بەجێ بهێڵن و بچنە شاخەکانەوە، زیاتر لە 200 گوند داگیر کراون بەھۆی شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیاوە. خەڵکی لە ھێرشە ئاسمانییەکان دەترسن، چونکە پەکەکە لەناو خەڵکی مەدەنیدان."
پەکەکە، گەنج دەڕفێنن، منداڵ دەڕفێنن
(ئیحسان عەفرینی) سەرۆکی پەیوەندیی دەرەوە لە ئەنجوومەنی نیشتیمانیی سووریا، ھاوڕایە لەگەڵ سەرچاوە عێراقییەکەی جیروسالم ئۆنلاین و دەڵێت، "کاتێک کە باسی ڕێکخراوێکی تۆتالیتاری دەکرێ، پرەنسیپی مافی مرۆڤ نامێنێ. پەکەکە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام داوە. تەنیا دوو ڕۆژ پێش ئێستا، کچێکی 17 ساڵانی کۆبانێ ڕفێدنرا و زۆری لێ کرا تا بچێتە ڕیزی یەپەگەوە (لقی سووریای پەکەکە). لە یەکەم سەردانیدا بۆ لای خێزانەکەی کە لە کەمپی ڕاھێنانەوە چووبوو، خۆی کوشت، چونکە نەیدەویست بگەڕێتەوە بۆ کەمپەکەی پەکەکە. ھەموو ڕۆژێک دەچنە سەر ماڵەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان، گەنج دەڕفێنن. منداڵ دەڕفێنن، بە زۆر دەبێ بچنە ڕیزی ھێزەکانیانەوە بەبێ ئەوەی ڕاھێنانی تەواویان کردبێت، ڕەوانەی بەرەکانی پێشەوەی شەڕ لە دژی داعشیان دەکەن، ئایا ئەمە تاوانی دژی مرۆڤایەتی نییە؟".
پێکهاتەی پەکەکە بەندە لەسەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ
بە گوتەی (عەفرینی)، سەرچاوەیەکی باڵای پەکەکە پێی گوتووە "لە لایەن خەڵکی نەناسراوەوە ئاراستە دەکرێن لە ئێران و تورکیاوە. ھەندێکیان کوردی نازانن، ھەندێک جار وەرگێڕ بەکار دەھێنین. بەڵێ ئێمە وەزیرین، بەڵام لە بواری خۆماندا ھیچمان پێ ناکرێ. ناتوانین ھیچ بڕیارێک بدەین."
(عەفرینی) دووپاتی کردەوە، پێکهاتەی پەکەکە بەندە لەسەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، ھەروەھا "دروستکردنی ژینگەیەکی تۆتالیتاری کە ھەرکەسێک نەگونجا لەگەڵیان دەبێ بسڕدرێتەوە لە ناوچەکەیان یان کۆتایی پێ بێت. کاتێک باسی سیستمی ستەمکار دەکەین، باسی ئەو سیستمە دەکەین کە خەڵکی سەرکوت دەکات، بێگومان ھاوکاریش لەگەڵ ھەر گرووپێک قەدەغەیەکە ئامانج و بیروڕاکانی ئەوانی نییە."
(عەفرینی) گوتی "ئێمە گەلێک گرووپی گەنجانمان ھەیە، کە خۆیان بە دۆستی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستان و دەستەی نیشتمانیی کوردستان لە سووریا دەزانن"، زیاتر لەوبارەوە دوا "زۆریان بۆ زیندان نێردراون، ژمارەیەکی زۆریشیان لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستگیر کراون، بەم دواییە ژمارەیەکیان ئازاد کراون، لێنگەڕان سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستان و دوو بەرپرسی پلەداری دیکە کە بەشدار بوون لە گفتوگۆکانی جنێڤ، بچنەوە ڕۆژئاوای کوردستان. ئەگەر بچن ئەوا دەگیرێن و زیندانی دەکرێن. ئەوان ھەموو ڕۆژێک لەو کەسانە دەگرن کە لەگەڵیان کۆک نین. قوتابخانەکان بوون بە زیندان. ئازادیی ڕادەربڕین لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پەکەکە نییە."
پەکەکە ناهێڵێ هاوکارییەکان بگەنە دەست خەڵکەوە
(عەفرینی) دەڵێ: پەکەکە ھەرگیز بەرەیەکی شەڕی دژی داگیرکەرانی کوردستان نەکردووەتەوە." ستراتیژی ئەوان ئەوەیە ئاگر لە شوێنێک بەردەن و دوایی بەجێی بهێڵن، تا مەدەنییەکان لەلایەن ڕژێمەوە ئازار بدرێن. ئەم تاکتیکەیان لە کوردستانی تورکیا و سووریا لە شوێنی وەک حەلەب بەکار ھێناوە، کە بووەتە ھۆی ئەوەی بە ھەزاران کورد ژیانی خۆیان لە دەست بدەن."
ئەو دەڵێ "ھەموو ئەو ھاوکارییانەی کە دێن و لە ڕێی پەکەکەوە دابەش دەکرێن، ناگەنە ئەو کەسانەی کە پێویستییان پێیەتی. 80%ی کۆگاکان لەلایەن سەرکردە سەربازییەکانیانەوە دەفرۆشرێن و 20%ـی دابەش دەکرێ. من نموونەیەکی تایبەتم ھەیە. ھاوڕێیەکم ھەیە کە لەگەڵ ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤ کار دەکات، ئەوان 7 باری خۆراک و پێداویستیی پزیشکییان ئامادە کردبوو بۆ شاری عەفرین، بەڵام پەکەکە نەیانهێشتبوو و داوایان کردبوو خۆیان دابەشی بکەن. ھەرچەندە ھاوڕێکەم ڕەتی کردبووەوە کە بیانداتێ، چونکە باش دەیزانی ئەوان چی لێدەکەن. لە کۆتاییدا، نەتوانرا بارەکان بگاتە ئەو ناوچانەی کە لەبەر دەستی ئەوانە، ھەموو بابەتەکە چییە، ئەو ڕێکخراوە لەلایەن ھێزی ڕەشی ئێران و تورکیا و سووریاوە دامەزرێنراوە و ھەرگیز ناتوانێ خزمەتی مرۆڤایەتی بکات."
پارێزەری کورد (رەداف مستەفا)، ھاوڕایە لەگەڵ وتەکانی (عەفرینی)ـدا و گوتی "پەکەکە یەک سوپا، یەک ئایدۆلۆژیا، یەک سیاسەتی حزبی ھەیە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان. ئەوان چەندین پێشێلکاریی گەورەی مافی مرۆڤیان دژی کورد کردووە، وەک گرتنی ڕۆژنامەنووسان، ڕفاندن، سەرکوتکردنی خۆپیشاندان، بەسەربازکردنی منداڵان و ئازاردانیان. تەنانەت پەکەکە، لە کۆبانێ چەندین کەسی کوشتووە. ئەوان ھەوڵیاندا نەھێڵن پێشمەرگە بچێتە ناوچەکانی کوردستان لە سووریا، مافی ھاتوچۆی ئازادییان کۆتوبەند کردووە، بەشدارییان کردووە لە ڕاگواستنی کورد لە ناوچەکانی خۆیان. لەگەڵ ئەوەی کە کورد پشتیوانیی شەڕی پەکەکە دەکەن دژی داعش، سیاسەتی پەکەکە لە ناوچەکانی کوردستان بووەتە ھۆی دژواریی بارودۆخی مرۆیی.
له KDP
