ته‌ڵه‌ی په‌كه‌كه‌، به‌ منداڵانی ئێزدیدا ده‌ته‌قنه‌وه‌

 ته‌ڵه‌ی په‌كه‌كه‌، به‌ منداڵانی ئێزدیدا ده‌ته‌قنه‌وه‌
فەرماندەیەکی ھێزی پێشمەرگە ئاشکرای کرد، پەکەکە بە کەلوپەل و ئامێری پەیوەندی، منداڵە کوردی ئێزدی لەخشتە دەبات و، دەیانکاتە چەکدار؛ ئەو ئاوارەبوونەی کوردە ئێزدییەکانی قۆزتووەتەوە، بەڵام لێیانی قه‌بووڵ ناکەین.

فەرماندەی ھێزی پێشمەرە (قاسم دربۆ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پەکەکە لە چیای شنگالدا بە بیانووی کردنەوەی قوتابخانە، قوتابیان ڕازی دەکات بچنە ڕیزیانەوە بە تایبەت کچان؛ ھەر یەکە و، مۆبایلێکی پێیان داوە، بەشکەم ڕازییان بکا ببنە چەکدار."

(قاسم دربۆ) گوتیشی، بە قسەی خۆش و درۆ، منداڵان هەڵدەخەڵەتێنن و، دەیانبەنە ڕیزی خۆیانەوە؛ جا بە ئاسانی مێشکی منداڵکاری 15 ساڵان دەشۆرنەوە.
گوتیشی، ھەرکە منداڵەکەیان پێ ڕازی کرا، دیارییەکەی لێ وەردەگرنەوە! نایشهێڵێن کابرا بچێتەوە بۆ ماڵی خۆیان! من خۆم سێ چوار کچ دەناسم ئەمەیان بەسەردا هاتووە.

ئەو فەرماندەیە باسی لەوەش کرد، ئەو کارەی ئەوان زۆر خراپە و، ''ھیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ئەوەی داعشدا نییە.''

ڕوونیشی کردەوە، ئێمە ئەگەر ئاگادار بین ڕێگەیان پێ نادەین، بەڵام کوردانی ئێزدی وا ئاوارەنە و، ئەوانیش بە نھێنی کەڵک لەو ھەلە وەردەگرن، ئەگەرنا ئاگادار بین ڕێگەیان لێ دەگرین؛ جا دەبێ گەورەکانی کوردانی ئێزدی کۆ ببنەوە و ڕێگە لەو کارە خراپە بگرن.

(دربۆ) دەیشڵێ با ئەو ئاوارانە بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، ئینجا دەزانین چ بکەین تا بە تەڵەوە نەبن.
Top